حسێن قائیدی: 3 هەزار و 590 ئێزدی رزگارکراون و 2 هەزار و 554 کەسیش بێسەروشوێنن

تاوەکو یەک ئێزدی مابێت، لە هەوڵەکانییان بۆ رزگارکردنیان بەردەوامدەبن
تاوەکو یەک ئێزدی مابێت، لە هەوڵەکانییان بۆ رزگارکردنیان بەردەوامدەبن

نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 590 ئێزدی رزگارکراون و، هێشتا دوو هەزار و 554 ـی دیکە بێسەروشوێنن، هاوکات دەڵێت، حکومەتی عێراق سستە لە جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدی.

حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە سێ ئابی ساڵی 2014، زیاتر لە شەش هەزار ئێزدی رفێندران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 590 ئێزدی رزگارکراون، هێشتا دوو هەزار و 554 کەسیان ماون رزگاربکرێن.

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی گوتیشی، لەسەر رێنمایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو یەک ئێزدی مابێت، ئەوان لە هەوڵەکانییان بۆ رزگارکردنیان بەردەوامدەبن.

ئاماژەی بەوەشدا، کاری ئەوان بەردەوامیدانە بە لێکۆڵینەوەکان لە رۆژئاوای کوردستان و عێراق تاوەکو سەرجەم ئەو ئێزدییە رفێندراوەکان دەدۆزرێنەوە.

لەبارەی قەرەبووکردنەوەشیانەوە، حسێن قائیدی دەڵێت، بەشی زۆری خاڵەکانی یاسای رزگاربووانی ئێزدی کە لە ساڵی 2021 پەسەندکراوە، جێبەجێنەکراوە و حکومەتی عێراق سستە لە جێبەجێکردنییان.

حسێن قائیدی دەشڵێت، تاوەکو ئێستا کەمتر لە نیوەی رزگاربووانی ئێزدی مووچەیان بۆ خەرجدەکرێت و نزیکەی 154 زەوی بەسەریاندا دابەشکراوە.