لاریجانی بە ئەمیندارى ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دیاریکرا
عەلی لاریجانی، راوێژکارى رێبەری ئێران، وەک ئەمیندارى ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دیاریکرا.
ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، لاریجانی بە بڕیارى مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران لە پۆستی ئەمیندارى ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دیاریکراوە.
دياريكردنی لاریجانی وەک ئەمیندارى ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە گەڕانەوەی فەرمیی ناوبراو دادەنرێت بۆ یەکێک لە گرنگترین پۆستە سیادییەکانی وڵاتەکە، کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵنگارییە ئەمنییە ئاڵۆزەکانی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
لاریجانی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە و بەوەدەناسرێت، کە پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ سەرجەم رەوتە سیاسییەکاندا هەیە.
پێشتریش لاریجانی لەنێوان ساڵانی 2005 و 2007 سەرکردایەتیی شاندی دانوستانکارى وڵاتەکەی دەکرد لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
05/08/2025