عێراق و سعودیە لێکتێگەیشتنێکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان واژۆکرد
عێراق و سعودییە لێکتێگەیشتنێکی 17خاڵییان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان واژۆکرد، بەگوێرەى رێککەوتنەکە هەردوولا زانیارى ئاڵوگۆڕدەکەن و هاوکاریی یەکدى دەکەن لە رووبەڕووبونەوەى ماددەهۆشبەرەکان و توندتۆڵکردنى سنوورەکان.
بە گوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى تەندروستیى عێراق، ساڵح حسناوى وەزیرى تەندروستى عێراق و سەرۆکى دەستەى باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان، سەردانى سعودیەى کردووە و لەگەڵ ئەمیر عەبدولعەزیز وەزیرى ناوخۆى سعودیە لێکتێگەیشتنێکی 17 خاڵییان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان واژۆکردووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕى زانیارى و زیادکردنى هەماهەنگى لەبوارەى خۆپاراستن و چاودێریکردن و دۆزینەوەى تۆمەتباران، وە زیادکردنى هاوکاریی لەنێوان وەزارەتەکانى تەندروستى و ناوخۆى نێوان هەردوو وڵات بۆ پاراستنى کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنى ژیانێکى تەندروست.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر توندکردنى رێوشوێنەکان لە دەروازە سنوورییەکان بە ئامانجى کۆنترۆڵکردنى قاچاخچیەتى بە ماددە هۆشبەرەکان.
07/08/2025