رووفاتى 22 هاونیشتمانیى ئێزدى دەگەڕێندرێنەوە شنگال

دیمەنی هەڵهاتنی بەشێک لە ژنان و کچانی ئێزدی لە کاتی هێرشەکەی داعش بۆ سەر شنگال
دیمەنی هەڵهاتنی بەشێک لە ژنان و کچانی ئێزدی لە کاتی هێرشەکەی داعش بۆ سەر شنگال

بڕیارە رۆژى 12ـی ئاب، رووفاتى 22 هاونیشتمانیى ئێزدى کە لەسەر دەستى داعش کوژراون بگەڕێندرێنەوە شنگال و لە رێورەسمێکدا بەخاک بسپێردرێن.

بەگوێرەى زانیارییەکانى نەزیر شنگالى پەیامنێرى کەناڵ8 لە شنگال، رۆژى 12 ئاب وەک قۆناغى هەشتەم، رووفاتى 22 هاونیشتمانى شنگال دەگەڕێندرێتەوە زێدى خۆیان کە پێشتر لەسەر دەستى داعش کوژراون و رووفاتەکانیان بۆ ناسینەوە براونەتە بەغداد.

گوتیشى، تاوەکو ئێستا بە حەوت قۆناغ رووفاتى 274 هاونیشتمانیى ئێزدى لە بەغداد گەڕێندراونەتەوە.

لە شنگال تاوەکو ئێستا 93 گۆڕى بەکۆمەڵ و 13 گۆڕى تاکە کەسى دۆزراوەتەوە. لەو 93 گۆڕە بەکۆمەڵە رووفاتى 798 هاونیشتمانیى ئێزدى بۆ ناسینەوە رەوانەى بەغداد کراون، بە گەیشتنەوەى قۆناغى هەشتەمى رووفاتەکان، 296 رووفات رادەستى خێزان و کەس وکاریان دەکرێنەوە.