دژە تیرۆری عێراق: 11 ئەندامی داعشمان دەستگیرکردووە

دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە
دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە

دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان 11 ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە، کە چواریان لە کەرکوک بوون و یەکێکیشیان لە سلێمانی بووە. 

لە راگەیەندراوی دەزگای دژە تیرۆری عێراقدا هاتووە، لەمیانی هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش و لەناوبردنی پاشماوەکانیان، ئۆپراسیۆنێکی گەورەی گەڕان و پشكنینیان لە ناوچە جیاجیاکان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە؛ لە نەینەوا پێنج ئەندام و لە ناوچە جیاجیاکانی کەرکوک چوار ئەندام و لە سلێمانی یەک ئەندامی داعش و لە سەڵاحەدینیش ئەندامێکی دیکەی ئەو گرووپەیان دەستگیرکراوە.

دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەڵێت؛ دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی داعش لە نەینەوا و کەرکوک و سلێمانی بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

دژە تیرۆری عێراق دەشڵێت، لەمیانی ئۆپرسیۆنەکاندا دەیان حەشارگە و شوێنی مانەوە، ئەشکەوت و تونێلی داعشیان تەقاندووەتەوە و لەناوبردووە ، هاوکات پشکنینیان بۆ چەندین تونێل و باڵەخانە کردووە و لە پشکنینەکانیشیاندا دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا.

دژە تیرۆری عێراق دەڵێت، ئۆپراسیۆنەکان بە فەرمانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و بەپشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگیری ئەنجامدراوە بۆ کۆتاییهێنان بە پاشماوەکانی داعش.