هەڵدانەوەى گۆڕی بەکۆمەڵی خەسفە لە پاریزگای نەینەوا دەستیپێکرد

ساتی هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی خەسفە لە نەینەوا. فۆتۆ: ئەحمەد سەراج - کەناڵ8
ساتی هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی خەسفە لە نەینەوا. فۆتۆ: ئەحمەد سەراج - کەناڵ8

هەڵدانەوەى گۆڕی بەکۆمەڵی چاڵى خەسفە لە پاریزگای نەینەوا دەستیپێکرد، کە نزیکەى دوو هەزار رووفاتى تێدایە، پارێزگاری نەینەوا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوانەی لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدان، لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکراون بەبێ ئەوەى لە ناسنامەیان بپرسێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، پاش دەرهێنانەوەی رووفاتەکان، لەلایەن پزیشکى دادەوە قۆناغى ناسینەوە بۆ روفاتەکان دەستپێدەکات.

بەگوتەى پارێزگارى نەینەوا، لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا، نزیکەی 20 هەزار کەس لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون.

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لەوبارەیەوە گوتی، "لێرە لە ناوچەى خەسفە نزیکەی 2 هەزار رۆڵەى پارێزگاى نەینەوا کۆمەڵکوژ کراون، رێکخراوى تیرۆریستى داعش، لە ناسنامەى ئەو کەسانەى نەپرسیوە، کە لێرە کۆمەڵکوژى کردوون".

پارێزگاری نەینەوا گوتیشی، "قۆناغى یەکەم، کە ئەمڕۆ دەستمانپێکردووە، پشتیوان بەخودا لە ئایندەیەکى نزیکدا تەواو دەبێت، دواتر دەچینە قۆناغێکى سەختتر، کە ئاڵۆزترە ئەوەش ئەو قۆناغەیە، کە لەلایەن پزیشکى دادەوە دەبێت رووفاتەکان بناسرێنەوە".