حکومەتی عێراق پلانی هەموارکردنەوەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبیی هەیە

رێڕۆیشتنی هێزێکی حەشدی شەعبی لە بەغدا فۆتۆ: AFP
رێڕۆیشتنی هێزێکی حەشدی شەعبی لە بەغدا فۆتۆ: AFP

حکومەتی عێراق پلانی هەیە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکشێنێتەوە و هەمواری بکاتەوە، ئەو پرۆژەیاسایەی لایەنەکانی شیعەی کردووە بە دووبەرەوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لەنێو فراکسیۆنەکاندا دەنگۆیەک هەیە حکومەتی عێراق دوای کشانەوەی، هەمواری پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی بکاتەوە و دواتر جارێکی دیکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکاتەوە بۆ پەسەندکردنی.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، فراکسیۆنەکانی شیعە لەبارەی تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکەوە بوون بە دوو بەرەوە و بەشێکیان مکوڕن لەسەر تێپەڕاندن و بۆ سەرەڕای ئەوەی، 101 واژۆیان کۆکردووەتەوە، بەڵام بەشێکی دیکەیان لەگەڵ هەموارکردنەوەی پرۆژەیاساکەدان.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان، هێشتا هەڵوێستێکی روونیان لەبارەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە نییە.

ئەوە لەکاتێکدایە، چاوەڕێدەکرێت ئەمڕۆ 25ـی ئاب، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە کارنامەی دانیشتنەکەشدا 19 تەوەر دانراوە، بەڵام هیچکام لەو تەوەرانە پرۆژەیاساى حەشدی شەعبیی تێدانییە.

ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دژی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبین بەو داڕشتنەی ئێستای و لەماوەی رابردوودا باڵیۆزی ئەمریکا هۆشداریداوەتە حکومەتی عێراق لە لێکەوتەکانی تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایە و ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی کەناڵ8 لەبارەی یاسای حەشدی شەعبییەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمریکا پابەندە بە پاڵپشتیکرنی هاوبەشەکانی لە سەرانسەری عێراق بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و یەکگرتووی خاوەن سەروەری.

لەدوای شەڕی ئێران - ئیسرائیل، ئەمریکا بەڕوونی پەیامی بە بەرپرسانی عێراق داوە کە پێویستە حەشدی شەعبی هەڵبووەشێندرێتەوە و تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکرێت.

حەشدی شەعبی ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنراوە و لە ئێستادا زیاد لە 70 گرووپە و لە یاسای بودجەی عێراقدا ژمارەی چەکدارانی بە زیاتر لە 238 هەزار چەکدار مەزەندە کراوە و بودجەکەشیان زیاتر لە چوار تریلیۆن دینارە.