
لیژنەی وەبەرهێنان بۆ پرسى دۆلار و دینار سەردانى بانکى ناوەندى عێراقیان کرد.
نزار ناسڕ: جیاوازی بەهاى فەرمی و نرخی دۆلار لە بازاڕ بۆ 9% دابەزیوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەندامانی لیژنەی وەبەرهێنان سەردانی بانکی ناوەندییان کردووە و لەگەڵ نزار ناسڕ، پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لە بارەی نرخی دۆلار و کاریگەرییان لەسەر وەبەرهێنان و کۆمپانیا ناوخۆییەکان کردووە.
لیژنەکە تاوتوێى ئەو ڕێکارانەیان کردوە، کە بانکی ناوەندی بۆ پاڵپشتیکردنی بانکە حکومی و ئەهلێیەکان ئەنجامیداوە.
هەروەها دابینکردنی قەرز بۆ هاوڵاتییانیش تاوتوێکراوە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی: هیچ پلانێکیان بۆ چاپکردنی دراوی نوێ نییە.
ئەو دەنگۆیانەی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە.
جیاوازی نێوان بەهاى فەرمیی دۆلار و بەهاى دۆلار لە بازاڕەکان پێشتر 24% بووە.
ئێستا ئەو جیاوازییە بۆ 9% دابەزیووە.
لیژنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوایانکردووە نرخی دۆلار کاریگەریی لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان نەبێت، هەروەها بە پێویستی دەزانن ئەو گۆڕانکارییانە لە بەهاى دۆلار، ببێته هۆکاری سەقامگیریی بازاڕ و توانای کڕێنی هاوڵاتییان.
