شەکرەی جۆری دوو چییە؟

شەکرەی جۆری دوو
شەکرەی جۆری دوو

شەکرەی جۆری دوو کاتێک روودەدات کە جەستە نەتوانێت ئینسۆلین بەکار بهێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی شەکر لە خوێندا و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە چاو، گورچیلە، دەمار و دڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن بۆ ماوەیەکی درێژ، ئینسۆلین هۆرمۆنێکە کە ئاسانکاری بۆ چوونە ناوەوەی شەکر بۆ ناو خانەکان دەکات.

 لە شەکرەی جۆری دوودا یان پەنکریاس ئینسۆلین بە بڕی پێویست بەرهەم ناهێنێت، ، یان خانەکان کەمتر وەڵامی ئینسۆلین دەدەنەوە و شەکری کەمتر هەڵدەمژن. هەردوو نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک و دوو کاریگەرییان لەسەر منداڵ و گەورە هەیە بەڵام شەکرەی جۆری دوو لە کەسانی پێگەیشتوودا بڵاوترە. بەرزبوونەوەی رێژەی قەڵەویی منداڵان بووەتەهۆی زیادبوونی ژمارەی گەنجانی تووشبوو بە شەکرەی جۆری دوو. تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی یەکجاریی بۆ شەکرەی جۆری دوو نییە. رێگاکانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شەکرەی جۆری دوو بریتین لە دابەزاندنی کێش، خواردنی تەندروست و وەرزشی گونجاو. ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە نەتوانن ئاستی شەکری خوێن کۆنتڕۆڵبکەن، دەبێت بە پێی راوێژی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی شەکرە یان چارەسەری ئینسۆلین بەکاربهێنرێت.

نیشانەکانی شەکرەی جۆری دوو چیین؟

نیشانەکانی شەکرەی جۆری دوو بریتین لە: تینوویەتی، زۆر میزکردن، برسێتیی بەردەوام، دابەزینی کێش، هەستکردن بە ماندوویی، لێڵبینین، درەنگ ساڕێژبوونەوەی برین، هەوکردنی بەردەوام، سڕبوونی دەست و قاچ، و دەرکەوتنی پەڵەی رەشی پێست، کە بەزۆری لە ژێر باڵ و ملدا بەدیدەکرێت.

هۆکارە رێگاخۆشکەرەکانی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو

هۆکارە رێگاخۆشکەرەکان: کێشی زیادە، شێوازی ژیان، بۆماوەیی خێزانی، بەرزیی ئاستی چەوریی خوێن، تەمەن و هەبوونی شەکرەی دووگیانی. ئەو کەسانەی کە لە کاتی دووگیانیدا تووشی شەکرەی دووگیانی دەبن مەترسی تووشبوونیان بە شەکرەی جۆری دوو زیاترە.

هەنگاوەکانی خۆپاراستن لە شەکرەی جۆری دوو

هەنگاوەکانی خۆپاراستن لە شەکرەی جۆری دوو:

  • شێوازی ژیانی تەندروست
  • خواردنی تەندروست: وەکو میوە، سەوزە و دانەوێڵە. پێویستە ئەو خۆراکانە هەڵبژێردرێن کە شەکر و کالۆریان کەمترە و ریشاڵیان زیاترە
  • هەوڵ بدرێت هەفتانە 150 خولەک یان زیاتر چالاکیی وەرزشیی مامناوەند تاوەکو بەهێز ئەنجامبدرێت: وەک رۆیشتنی خێرا، پاسکیل لێخوڕین، راکردن یان مەلەکردن
  • هێشتنەوەی کێشی گونجاوی لەش: بۆ ئەو کەسانەی کە پێششەکرەیان هەیە، دابەزاندنی لەسەدا حەوت بۆ 10٪ـی کێشی لەش مەترسیی تووشبوون بە شەکرە کەمدەکاتەوە
  • دوورکەوتنەوە لە دانیشتنی درێژخایەن.

ئامادەکردنی: ئاسۆ فازڵ حمەعلی