باکرهان: پێویستە مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان بدرێت

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند، پێویستە مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان بدرێت و دەوڵەتی تورکیاش دان بە زمان، ناسنامە و مافەکانی کورددا بنێت.

هاوسەرۆکی پارتی دەم لە کۆبوونەوەی جەماوەریی پارتەکەی کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ئاشتی لە شاری روحای باکووری کوردستان ئەنجامدرا رایگەیاند، ئیتر کاتی ئەوەیە مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان بدرێت، چونکە مافی هیوا بەخششێک نییە بدرێت، بەڵکو مافێکە لەپێناو ئاشتی و یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی بەدیهێنانی چارەسەری ئاشتییانە.

باکرهان گوتیشی، ئەگەر ئۆجەلان لە ژوورێکی 12 مەتر چوارگۆشەدا لەژێر گۆشەگیرییدا بمێنێتەوە، دەردەکەوێت ئەوانەی ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن، دڵسۆز نین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیتر ناتوانرێت ئۆجەلان لەو ژوورە 12 مەترییەدا بە زیندانیکراوی بهێڵدرێتەوە و کاتی ئەوەیە بە هزری و فیزیکی، لەگەڵ خەڵکی ئورفا کۆببێتەوە و بەیەک بگەنەوە.

باکرهان جەختی لە باشکردنی رەوشی ئۆجەلان کردەوە و گوتیشی، پێویستە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان بەردەوام کراوەبێت، نەک رۆژێک دابخرێت و رۆژێک بکرێتەوە، چونکە ئەو پرۆسەیەی لەئارادایە، بەو جۆرە بەڕێوەناچێت.

باسی لەوەشکرد، پێویستە لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی، سەردانی ئۆجەلان بکات و پێشنیاز و بۆچوونەکانی وەربگرێت.

هاوسەرۆکی پارتی دەم رووی لە دەوڵەت و دەسەڵات لە تورکیا کرد و گوتی، ئیتر پێویستە دەسەڵات دان بە زمان، ئیرادە و مافەکانی کورددا بنێت و دەست لە نکۆڵیکردن لە کورد و زمان و مافەکانی هەڵبگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای 40 ساڵ لە فشار، ستەم و کوشتن، کورد دەستی لە مافەکانی هەڵنەگرت و ئەوەی پێویستە دەستهەڵبگرێت، ئەوانەن کە دانیان بە مافەکانی کورددا نەناوە.

باکرهان داوای گۆڕانکاریی یاسایی لە تورکیا کرد و گوتی، کەس ناتوانێت خۆی لە گۆڕانکاریی یاسایی لەپێناو مافەکانی کورد لابدات، چونکە ئاشتی بە هەنگاوی کردەیی بەدیدێت، نەک بە قسە.

هاوسەرۆکی پارتی دەم باسی لەوەشکرد، جیهانێکی نوێ بونیاد دەنرێت و ئەوانەی ناتوانن رۆحی ئەو جیهانە نوێیە بخوێننەوە کە ئاشتییە، شکستدەهێنن و بەهەڵەدا دەچن.

مافی هیوا چییە؟

مافی هیوا بریتییە لە هەڵسەنگاندنی دامەزراوەیەکی یاسایی، سەبارەت بە ئازادبوون یان ئازادنەبوونی کەسێک، کە بە سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراو سزادراوە.

مافی هیوا بۆ نەهێشتنەوەی کەسی سزادراوە لە زیندان بە درێژایی تەمەن و پێدانی هەلی ئازادبوون و ژیانکردنە لە دەرەوەی زیندان، ئەوەش لە کاتی سەرهەڵدانی هەلومەرجێک، کە دامەزراوەیەکی یاسایی بڕیاری لەبارەوە بدات.

ئەو سزادراوانەی رەفتار و هەڵسوکەوتیان بەو جۆرەیە چاوەڕوان کراوە، ئەو هەلەیان پێدەدرێت جارێکی دیکە تیکەڵ بە ژیانی کۆمەڵگە ببنەوە و بۆ هەمیشە لە زینداندا نەمێننەوە.

مافی هیوا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا خرایەڕوو. دادگاکە هێشتنەوەی کەسێک لە زیندان بە درێژایی ژیان و بەبێ پێدانی ئومێدی ئازادبوون، بە پێشێلکردنی ماددەی سێیەمی رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ناودەبات، کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان.

تاوەکو ئێستا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە پێدانی مافی هیوا لە وڵاتانی ئەوروپا، چەند بڕیارێکی داوە کە چوار بڕیاریان تایبەتە بە تورکیا.

بڕیاری یەکەم؛ 18ـی ئازاری 2014 سەبارەت بە عەبدوڵا ئۆجەلان

بڕیاری دووەم؛ 15ـی ئەیلولی 2015 سەبارەت بە حەیاتی کایتان

بڕیاری سێیەم؛ 15ـی کانوونی یەکەمی 2015 سەبارەت بە ئەمین گوبران

بڕیاری چوارەم؛ 12ـی شوباتی 2019 سەبارەت بە جوان بۆڵتان

لە بڕگەی 16ـی ماددەی 107ـی یاسای سزا و رێکارە ئەمنییەکان و ماددەی دووەمی هەمان یاسا، هاوکات بە ماددەی 17ـی یاسای بەرەنگاربوونەی تیرۆر لە تورکیا، هەندێک سزای هەمیشەیی قورسکراو، کە تایبەتن بە تاوانەکانی وەک تیرۆر، ئازادبوونی هەمیشەیی نایانگرێتەوە.

ئەوەش ئەو ماددە و یاسایانەیە، کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چاوەڕێییە تورکیا گۆڕانکارییان تیادا بکات و تورکیا رەتیدەکاتەوە.

دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا، رۆژی 18ـی ئازاری 2014، داوای لە تورکیا کرد رێکخستنەوە بە یاساکانیدا بکات و مافی هیوا بە ئۆجەلان بدات.

دادگاکە ئاماژەی بەوەکردبوو، نەڕەخساندنی دەرفەتی پێداچوونەوە بە سزا یان هیوای ئازادکردن بۆ ئەو کەسانەی کە سزای زیندانی هەمیشەیی قورسکراویان بەسەردا سەپێنراوە، پێشێلکردنی رێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە.