دوایین زانیاری لەبارەی تەقەکردن لە هێمن مامەند
لە گەڕەکى عەقاریی شارى سلێمانى تەقە لە هێمن مامەند چالاکوان و رۆژنامەوان کرا و دەزگای ئاسایش دەڵێت، بەدوای دۆزینەوەی بکەرەکانن.
سەلام عەبدولخالق گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمشەو کاتژمێر 7:20 خولەک لە شاری سلێمانی تەقە لە هێمن مامەند رۆژنامەوان و چالاکوان کرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەجێ دەزگای ئاسایش لەسەر رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستپێکردووە و گەڕان بە دوای بکەراندا بەردەوامە.
پەیامنێرى کەناڵ8، لە سلێمانى گوتى، هێمن مامەند دواى ئەوەى لە گەڕەکی عەقاری نانى ئێوارەى خواردووە، لە کاتى جێهێشتنى چێشتخانەکە و نزیکبوونەوە لە ئۆتۆمبێلەکەى دوو ماتۆڕسوار تەقەیان لێکردووە.
گوتیشى، هێمن مامەند بەتەنیا خۆى بووە هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان ئەو و ماتۆڕسوارەکان رووینەداوە و دواى ئەوەى تەقەیان لێکردووە، هەڵهاتوون و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون.
هاوکات، سەرچاوەیەک لە پۆلیسى سلێمانى بە کەناڵ8ـی راگەیاند، فیشەکێک بەر قۆڵی کەوتووە و تیمەکانى بەڵگە و تاوان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى پەیامنێرى کەناڵ8، چەند فیشەکێکی ئاڕاستەکراون بەڵام تەنیا یەک فیشەکى بەرکەوتووە و فیشەکێکیش بەر ئۆتۆمبێلەکەى کەوتووە. ئێستا لە نەخۆشخانەى شارە و چارەسەرى پزیشکى بۆ کراوە و تەندروستیى جێگیرە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانی سەرکۆنەی رووداوی تەقەکردن لە هێمن مامەند کردووە و ئومێدی چاکبوونەوەی خێرای بۆ خواستوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت: لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد و خێرا و گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە.
لە لایەکی دیکەوە لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان سەرکۆنەی تەقەکردن لە هێمن مامەند دەکات و بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردن ناوی دەبات.
لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "تەقەکردن لە رۆژنامەوان ھێمن مامەند رەفتارێکی ترسنۆکانە و دوورە لە کار و پیشەی خەڵکی ئازا، چونکە رۆژنامەوان ھەڵگری چەک نییە تاوەکو بە چەک تەقەی لێبکرێت و ئەم حاڵەتەش دەچێتە خانەی ھەوڵدان بۆ تیرۆرکردن".
لە راگەیەندراوەکەدا لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان جەخت لە باشی تەندروستیی هێمن مامەند دەکاتەوە و داوا لە دەزگا بەرپرسەکان دەکات، لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر ئەو دۆسیەیە بکەن و ئەنجامدەرانی ئاشکرابکەن.
لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەشڵێت، ژینگەی میدیای سلێمانی رۆژنامەوانی تێدا تیرۆر نەکراوە، با ھەموومان ھاوکار و ھاریکاریی یەکتر بین تاوەکو پایتەختی رۆشنبیریی ھەرێمەکەمان بە پاکی و جوانی بۆ میدیاکاران بمێنێتەوە.
لە گەڕەکی عەقاری شارى سلێمانی، کاتژمێر 7:20 خولەکی شەوی سێشەممە لەلایەن ماتۆڕسکیلێکەوە تەقە لە رۆژنامەوان هێمن مامەند کرا و بریندارکرا.
هێمن مامەند یەکێکە لەو چالاکوان و رۆژنامەوانانەى کە لە ساڵى 2017ـەوە شارى هەولێرى جێهێشتووە و لە سلێمانى نیشتەجێ بووە. پێشتر لە هەولێر چەند جارێک دەستگیرکراوە کە بە گوتەی خۆی ئەوەی بەرامبەری کراوە "لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی بەرپرسان و بەرگریکردن لە مافی خەڵک" بووە.
02/09/2025