قاسم ئەعرەجی: لەسەر داوای ئێمە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی کشێندراوەتەوە

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق فۆتۆ: AP
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق فۆتۆ: AP

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوای ئەوان پرۆژەیاسای حەشی شەعبی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوەکو دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کشێندراوەتەوە.

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیای عێراقی، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرایکردووە، وەک راوێژکارێتیی ئاسایشی نیشتمانی، پێشنیازێکیان بۆ دواخستنی دەنگدان بە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتاییدێت، پێشکەشکردووە، بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى ئاشکرا بکات.

قاسم ئەعرەجی جەختیشیکردووەتەوە، رێگە نادەن بە هیچ کەس و لایەنێک، بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی حەشد بخەنەڕوو، چونکە حەشدی شەعبی بەشێکی سەرەکییە لە دامەزراوەی ئاسایشی عێراقی و قوربانیی زۆری داوە.

رەتیشیکردووە، ئەمریکا بڕیاری لەسەر کشاندنەوەی پرۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دابێت.

بە گوتەى ئەو بەرپرسە ئەمنییە، پرۆژەیاساکە تێبینی لەسەرە و پێویستی بە جۆرێک لە پشتیوانییە لە ناوخۆ و دەرەوە پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.