سودانی: عێراق ئاڵنگارییەکانی تێپەڕاند و پایەیەکی سەرەکیی سەقامگیرییە
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لە برۆکسل لەگەڵ مارک روتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، رایگەیاند، عێراق سەرجەم ئاڵنگارییەکانی تێپەڕاندووە و ئێستا وەک پایەیەکی سەرەکیی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا دەناسرێت.
بەپێی راگەیاندنێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و نێردەی ناتۆ لە عێراق تاوتوێکراون. سودانی جەختی لەسەر یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە عێراق کردووەتەوە و بە خاڵێکی بەهێزی وڵاتەکەی وەسفکردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە، رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ راگرتنی جەنگ لە ناوچەکە و ئەو پێشێلکارییانەی لە غەززە ئەنجامدەدرێن.
لە بەرامبەردا، مارک روتە ستایشی رۆڵی عێراقی لە بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکەدا کرد و ئاماژەی بەو گۆڕانکارییە گرنگانە دا کە عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا بەدەستی هێناون.
شایەنی باسە، محەمەد شیاع سودانی بە بانگهێشتێکی فەرمی لەلایەن ئەمینداری گشتیی ناتۆوە گەیشتووەتە بەلجیکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاوپەیمانیی ناتۆ.
09/09/2025