ئەنجوومەنی ئەوروپا لەبارەی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەیەکی لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا
کۆبوونەوەیەکی لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا

لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا، رۆژانی 15-17ـی ئەیلول کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش، گفتوگۆکردنە لەبارەى پێدانی مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە، کە دەرگای ئازادبوونی بۆ دەکاتەوە.

لە 18ـی ئازاری 2014، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری لەسەر ئەوەدا؛ پێویستە تورکیا، مافی هیوا بە ئۆجەلان، جوان بۆڵتان، حەیاتی کایتان و ئەمین گوربان بدات.

نەرەخساندنی دەرفەتی ئازاد بوون پێشێلکردنی رێککەوتنامەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە

دادگاکە ئاماژەی بەوەکردبوو، نەڕەخساندنی دەرفەتی پێداچوونەوە بە سزا یان هیوای ئازادکردن بۆ ئەو کەسانەی کە سزای زیندانی هەمیشەیی قورسکراویان بەسەردا سەپێنراوە، پێشێلکردنی رێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە کە تورکیا واژۆی کردووە.

لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ، تورکیا لە نوێترین بڕیاریدا، کە بۆ لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپای نارد ئاماژەی بەوەکردبوو، مافی هیوا ئەو سزادراوانە ناگرێتەوە، کە لەسەر تاوانێکی تایبەت سزادراون، مەبەستی تورکیا دۆسییەی تیرۆرە، کە ئۆجەلانی لەسەر سزادراوە.

گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەکرێت

لە کۆبوونەوەکەی لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا، گفتوگۆی ورد لەبارەی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە لەلایەن تورکیاوە دەکرێت.

لیژنەکە پێشتر و لە ئەیلولی 2024، یەک ساڵ ماوەی بە تورکیا دا، بڕیارەکە جێبەجێبکات، بەڵام ئەنقەرە تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی جێبەجێ نەکردووە، بۆیە وەک لیژنەکە هۆشداری داوە، چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری نوێ لەو بارەیەوە دەربچێت.

مافی هیوا چییە؟

مافی هیوا بریتییە لە هەڵسەنگاندنی دامەزراوەیەکی یاسایی لەبارەى ئازادبوون یان ئازادنەبوونی کەسێک، کە بە سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادراوە.

مافی هیوا بۆ نەهێشتنەوەی کەسی سزادراوە لە زیندان بە درێژایی تەمەن و پێدانی هەلی ئازادبوون و ژیانکردنە لە دەرەوەی زیندان، ئەوەش لە کاتی سەرهەڵدانی هەلومەرجێک، کە دامەزراوەیەکی یاسایی بڕیاری لەبارەوە بدات، واتە ئەو کەسە رەفتارەکانی بەگوێرەی پێوەرەکانی ئەو دامەزراوە یاساییە بێت.

ئەو سزادراوانەی رەفتار و هەڵسوکەوتیان بەو جۆرەیە کە چاوەڕوان کراوە، ئەو هەلەیان پێدەدرێت جارێکی دیکە تیکەڵ بە ژیانی کۆمەڵگە ببنەوە و بۆ هەمیشە لە زینداندا نەمێننەوە.

مافی هیوا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا خرایەڕوو. دادگاکە هێشتنەوەی کەسێک لە زیندان بە درێژایی ژیان و بەبێ پێدانی ئومێدی ئازادبوون، بە پێشێلکردنی ماددەی سێیەمی رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ناودەبات، کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان.

تا ئێستا دادگاکە چوار بڕیاری تایبەت بە تورکیا داوە

تاوەکو ئێستا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەى پێدانی مافی هیوا لە وڵاتانی ئەوروپا، چەند بڕیارێکی داوە کە چوار بڕیاریان تایبەتە بە تورکیا.

بڕیاری یەکەم؛ 18ی ئازاری 2014 لەبارەى عەبدوڵا ئۆجەلان

بڕیاری دووەم؛ 15ی ئەیلولی 2015 لەبارەى حەیاتی کایتان

بڕیاری سێیەم؛ 15ی کانوونی یەکەمی 2015 لەبارەى ئەمین گوبران

بڕیاری چوارەم؛ 12ی شوباتی 2019 لەبارەى جوان بۆڵتان

لە بڕگەی 16ی ماددەی 107ی یاسای سزا و رێکارە ئەمنییەکان و ماددەی دووەمی هەمان یاسا، هاوکات بە ماددەی 17ـەمینی یاسای بەرەنگاربوونەی تیرۆر، هەندێک سزای هەمیشەیی قورسکراو، کە تایبەتن بە تاوانەکانی وەک تیرۆر، ئازادبوونی هەمیشەیی نایانگرێتەوە.

ئەوەش ئەو ماددە و یاسایانەیە، کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ،چاوەڕێییە تورکیا گۆڕانکارییان تێدا بکات و تورکیا رەتیدەکاتەوە.