لە سنە: کیسەیەک برنجی 10 کیلۆیی پاکستانی زیاتر لە 1 ملیۆن تمەنە

برنجی پاکستانی
برنجی پاکستانی

نرخی هەموو جۆرەکانی برنج بە شێوەیەکی گشتی لە بازاڕەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو بەرامبەر بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی برنج

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، لەم سێ مانگەی کۆتاییدا نرخی برنج دوو هێندە زیادبووە، بەتایبەتی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان. بەگوێرەی راپۆرتەکەی تەسنیم ئێستا نرخی کیسەیەک برنجی پاکستانیی 10 کیلۆیی یەک ملیۆن و 360 هەزار تمەنە، لەکاتێکدا پێشتر هەر کیسەیەک برنجی پاکستانی بە 700 بۆ 800 هەزار تمەن بووە. نرخی برنجی ئێرانیش بە 3 ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت.

مامەڵەکردن لەگەڵ گرانکردنی نرخ و قۆرخکاری بازاڕ

حسێن رەحیمیان، بەڕێوەبەری بەشی سزاکانی پارێزگای سنە، رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا مامەڵەیان لەگەڵ 6 کەیسی تایبەت بە گرانکردنی نرخی برنج کردووە و هەر فرۆشیارێکیش بە نزیکەی ملیارێک تمەن سزا دراوە. گوتیشی، نزیکەی 30 بۆ 40 کەس کاری هاوردەی برنج بۆ پارێزگاکە دەکەن.

لە هەفتەکانی رابردووشدا، بە گشتی لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گرانبوونی نرخەکان گۆشتی سپی و سووری گرتەوە، بە جۆرێک گۆشتی سوور نزیکەی 9% و گۆشتی سپی نزیکەی 7% بەرزبووەوە. لەگەڵیشیدا کاڵا و پێداویستییەکانی رۆژانە، شیرەمەنی و بەرهەمەکانیان نرخەکانیان بەرزبووەوە. ئەمە جگە لە گرانبوونی نرخی کارەبا و قەیرانی وزە و ئاو کە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە.

کاردانەوەی بەرپرسان و هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی نرخ

گرانی لە ئێران رێبەری باڵای ئێران و سەرۆککۆماری وڵاتەکەشی هێنایە سەرخەت. خامنەیی داوای لێپێچینەوەی لەو کەسانە کرد کە کاری قۆرخکاری لە بازاڕەکان دەکەن. پزیشکیانیش رایگەیاند، دەیەوێت لە رێگەی جێبەجێکردنی پلانی پرۆژەیاسای ئەلیکترۆنیی خۆراکییەوە، نرخی کاڵاکان بە درێژایی ساڵ بە جێگیری بهێڵێتەوە.