ئینۆڤ8 توێژینەوەیەک لەبارەی کۆچی گەنجانی بیتوێن و پشدەر بڵاودەکاتەوە
ناوەندی توێژینەوەی ئینۆڤ8، توێژینەوەیەکی لەبارەی پرسی کۆچبەری، بە ناونیشانی لە پشدەرەوە بۆ بەریتانیا بڵاوکردووەتەوە تێیدا دەرکەوتووە، پاڵنەری سەرەکی گەنجانی سنوورەکە بۆ کۆچکردن، ئابووری خراپ، حوکمڕانی خراپ و ناسەقامگیریی ئەمنییە.
ئینۆڤ8: ئابووری خراپ پاڵنەری سەرەکی کۆچی گەنجانە
ناوەندی توێژینەوەی ئینۆڤ8، توێژینەوەیەکی درێژی لەبارەی کۆچ و ئەو فاکتەرانەی پاڵنەرن بۆ کۆچی رێکخراو بڵاوکردووەتەوە، لە توێژینەوەکەدا باس لە گەنجانی ناوچەی بیتوێن و پشدەر کراوە دەڵێت بەشی زۆریان بە ئاڕاستەی بەریتانیا دەڕۆن، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو ژمارە زۆرە پەنابەرەی کە لەو ناوچانەوە رۆشتوون و ئێستا لە بەریتانیا دەژین.
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکە هاتووە، تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکانی نەبوونی هەلی کار و دەرفەتی خۆپێشخستن و و دەرفەتی وەبەرهێنان لە ناوچەکانی رانیە و قەڵادزێ و دەوروبەری چارەسەرنەکات، شەپۆلی کۆچی گەنجان بەم جۆرە بەردەوام دەبێت.
لە توێژینەوەکەدا، فاکتەرە سەرەکییەکانی درووستبوونی ئەم دۆخە گەڕێندراوەتەوە بۆ ئابووری و لە 100٪ کۆچبەرەکانیش لە رەگەزی نێرن، هەروەها فشارە کۆمەڵایەتییەکانیش بەیەکێکی دیکە لە فاکتەرەکان باس کراوە، کە هانی کۆچی گەنجانی ناوچەکە دەدات.
لەبەشێکی دیکەی توێژینەوەکە دەرکەتووە گەنجانی 20 بۆ 35 ساڵ چەند جارێک بەشێوەی نایاسایی ئەو رێگەیە دەگرنەبەر، تاوەکو لە کۆتایی دەگەن بۆ وڵاتەی خۆیان دەیانەوێت، ئەو تێچووەشی بۆ هەر تاکێک پێویستە تاوەکو ئەو رێگەیە ببڕێت، لە نێوان 16 هەزار بۆ 20 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
ئینۆڤ8: گەنجانی بیتوێن و پشدەر بە ئاڕاستەی بەریتانیا دەڕۆن
لە کۆتایی توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتی بەریتانیا هەوڵدەدات کێشەی کۆچی ئەم گەنجانە بۆ وڵاتەکەی لە رێگەی بەهێزکردنی سێکتەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەربکات و ئەو رێکخراوە ناحکومیانە پارەدار بکات، کە هاریکاری پرۆژەی بچووکی گەنجان دەکەن.
ئینۆڤ8: بۆ چارەسەرکردنی دیاردەکە پێویستە هەلی کار بڕەخسێندرێت
ئینۆڤ8 راسپاردەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە خستووەتەڕوو و دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی سیاسەتێکی نوێوە دەبێت دەرفەتی هەلی کار بۆ گەنجان زیاد بکات بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ پارتێکی سیاسین، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا توێژینەوەیەکی هاوبەش لەسەر کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم جۆرە کۆچە لەسەر هەردوو وڵات ئەنجامبدەن.
سەنتەری توێژینەوەی iNNOV8 لە چیاکانی شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستانی عێڕاقەوە هەڵکەوتووە، کە پێشەنگە لە توێژینەوە و نوێگەری پێشکەوتوو. ئێمە هیوا دەخوازین ببین بە ناوەندێکی توێژینەوەی سەربەخۆ بە دابینکردنی بەرهەمی دروست و بەنرخ و لە کاتی خۆیدا بۆ خەڵک. ئێمە چارەسەری کاریگەر دەگەیەنین و بەشداری دەکەین لەبیری کۆمەڵگەی زیندوو و بیرکردنەوەی پێشکەوتووی پیشەسازییەکەمان.
25/09/2025