شاباک لێکۆڵینەوە لە هۆکارى شکستهێنانی هێرشەکەی دەوحە دەکات
دەزگای ئاسایشی ناوخۆى ئیسرائیل (شاباک) لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی دەستپێکردووە، سەبارەت بە هۆکارى شکستهێنانی هێرشی سەر بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە.
لێکۆڵینەوە لە هۆکاری شکیت لە بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵگری ورد
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرونۆت بڵاویکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکە تیشک دەخاتەسەر "هۆکارى شکستهێنانی شاباک لە بەدەستهێنانی زانیاریی هەواڵگری ورد، پێش هێرشی سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە دەوحە، کە پێشبینی دەکرا، بەرپرسانی باڵای حەماسی تیادا بێت".
رۆژی 9ـی ئەم مانگە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر باڵەخانەیەک لە شارى دەوحەی پایتەختی قەتەڕ، کە ئامانجی سەرکردەکانی حەماس بوو، بەڵام بەرپرسانی بزووتنەوەکە لەو هێرشە دەربازیان بوو.
بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دژی ئۆپراسیۆنەکە بوون
بەگوێرەى رۆژنامەکە، بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دژی ئۆپراسیۆنەکە بوون لەو کاتەدا، چونکە هاوکات سەرکردەکانی حەماس سەرقاڵی گفتوگۆی پێشنیازەکەی ترەمپ بوون.
بەپێچەوانەی هێرشەکانی دیکەوە، زانیارییەکانی ئەو ئۆپراسیۆنە لەلایەن شاباکەوە کۆکرابوونەوە، نەوەک دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، کە ئەوان دژی ئۆپراسیۆنەکە بوون.
شابان پێداچوونەوە بە متمانەبوون بە زانیارییە هەواڵگرییەکاندا دەکات
ئەدیعۆت ئەحرونۆت باسلەوەدەکات، شاباک پێداچوونەوە بە متمانەبوون بەو زانیارییە هەواڵگرییانە دەکات، کە پەیوەست بوون بە شوێنی سەرکردەکانی حەماس و بەکارهێنانی چەکی ورد و زیرەک بۆ ئۆپراسیۆنەکە، بەڵام سەرکردەکانی حەماس لەوکاتەدا لە جێگەیەکی دیکەبوون.
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر دەوحە، کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش چەند جارێک جەختیلەوەکردەوە، جارێکی دیکە ئیسرائیل هێرش ناکاتەوە سەر قەتەڕ.
28/09/2025