نەگونجانی سەگ و پشیلەیەک ژن و مێردێکی هیندی جیادەکاتەوە

وێنەیەکی دۆسیەکە لە دادگا، خۆشەویستیی ئاژەڵ کۆیکردنەوە و جیایکردنەوە
وێنەیەکی دۆسیەکە لە دادگا، خۆشەویستیی ئاژەڵ کۆیکردنەوە و جیایکردنەوە

دادگایەکی خێزانی لە شاری بۆبالی هیندستان، کەیسێکی نامۆی جیابوونەوەی لەبەردەستدایە، کە تێیدا ژن و مێردێک بەهۆی شەڕ و ناکۆکیی نێوان سەگ و پشیلەکەیانەوە داوای جیابوونەوە دەکەن.

هۆکاری جیابوونەوە: شەڕی سەگ و پشیلە

ئەو ژن و مێردە کە لە ساڵی 2024 هاوسەرگیرییان کردووە، بە فەرمی داوای جیابوونەوەیان تۆمارکردووە. دادگا ناچاریکردوون بەشداری لە خولێکی راوێژکاریی خێزانیدا بکەن بە هیوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان.

"چیتر بەرگەی ئەو دۆخە ناگرم"

لەکاتی دانیشتنەکانی راوێژکاریی خێزانیدا، ژنەکە سکاڵای کردووە و رایگەیاندووە، سەگەکەی مێردەکەی بەردەوام پشیلەکەی بێزار دەکات و هەندێکجار هێرشی دەکاتەسەر، ئەمەش وایکردووە ژینگەی ماڵەوە بۆ پشیلەکەی مەترسیدار بێت و گوتوویەتی: "چیتر بەرگەی ئەو دۆخە ناگرم". لە بەرامبەریشدا پیاوەکە رایگەیاندووە، پشیلەکەی هاوسەرەکەی کێشە دەنێتەوە و بووەتە ئاژەڵێکی دڕندە بەرامبەر سەگەکەی.

خۆشەویستیی ئاژەڵ کۆیکردنەوە و جیایکردنەوە

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو دوو هاوسەرە سەرەتا بەهۆی خۆشەویستیی هاوبەشیان بۆ ئاژەڵ لە یەکتر نزیکبوونەتەوە، بەڵام ئێستا هەر هەمان هۆکار بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی ناکۆکییەکانیان.

راوێژکارێکی خێزانی: کێشەکە قوڵترە

سەرجەم هەوڵەکانی نێوەندگیریی خێزانەکانیان شکستی هێناوە، چونکە هیچ کامیان ئامادەنین دەستبەرداری ئاژەڵەکەیان ببن. شایل ئاواستی، راوێژکاری خێزانی رایگەیاند: "کێشەی نێوان ئەو ژن و مێردە دەرگای کێشەیەکی قوڵترمان بۆ دەکاتەوە، ئەویش دابڕانی کۆمەڵایەتییە، کە خەڵکی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانیان، پەنا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەبەن".