گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتیی کەرکوک لەگەڵ کۆمپانیای BP کاراکرا

دیمەنى بەشێک لە کێڵگەى نەوتى ئاڤانا لە پارێزگاى کەرکوک
دیمەنى بەشێک لە کێڵگەى نەوتى ئاڤانا لە پارێزگاى کەرکوک

گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتیی کەرکوک لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیایBPـی بەریتانی کارا کرا، کە ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمی نەوت و وەبەرهێنانی زیاترە لە گازی هاوەڵ.

وەزیری نەوت: هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان

لە رێوڕەسمێکدا بە چاودێریی حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، واژۆ لەسەر کاراکردنی گرێبەستەکە کرا. وەزیری نەوت رایگەیاند: "کاراکردنی گرێبەستەکە هەنگاوێکی گرنگە بە ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگەکانی (ئاڤانا، جمبور، بای حەسەن و خەباز) و زیادکردنی بەرهەمی گاز بۆ دابینکردنی پێداویستیی وێستگەکانی کارەبا".

"بەرهەمی سەرەتایی 328 هەزار بەرمیل دەبێت"

وەزیری نەوت روونیکردەوە، چەسپاندنی بەرهەمی سەرەتایی بە 328 هەزار بەرمیلی رۆژانە، دەستپێکی گرێبەستەکەیە و هیوای خواست لە رێگەی پڕۆسەکانی پەرەپێدانەوە بەرهەمی نەوتی خاو و وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ زیاد بکات.

کۆمپانیای BP: هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی

لایخۆیەوە، زەید یاسری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای BP رایگەیاند، کاراکردنی گرێبەستەکە هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوبەشیی نێوان کۆمپانیاکەیان و کۆمپانیای نەوتی باکوور.

کۆمپانیای نەوتی باکوور: سوودێکی گەورەی بۆ پارێزگاکە دەبێت

هاوکات، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند، کاراکردنی گرێبەستەکە دەستپێکی کارەکانە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان و زیادکردنی بەرهەمی نەوت، کە "سوودێکی گەورەی بۆ پارێزگاکە دەبێت".

گرێبەستەکە نۆ ملیار بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێت

گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتیی کەرکوک لە 10ـی ئازاری 2025 واژۆکراوە و مەزەندە دەکرێت ئەو چوار کێڵگەیە نزیکەی نۆ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان تێدابێت کە شیاوی دەرهێنان بێت.