
روانگەی "ئیکۆ عێراق"ی ئابووری لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، بودجەی عێراق لە 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە، لە کاتێکدا داهاتی نانەوتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی راپۆرتەکە، کۆی خەرجییەکانی حکومەتی عێراق تا کۆتایی مانگی تەمموز گەیشتووەتە 84 ترلیۆن و 185 ملیار دینار، کە زیاتر لە 62 ترلیۆن دیناری بۆ خەرجییەکانی بەگەڕخستن بووە. خەرجیی وەبەرهێنان 13 ترلیۆن دینار و خەرجیی خولەکانی مۆڵەتپێدانی نەوتیش زیاتر لە 8 ترلیۆن دینار بووە.
کۆی داهاتەکانی عێراق لەو 7 مانگەدا 72 ترلیۆن دینار بووە، کە 64 ترلیۆن و 940 ملیار دیناری داهاتی نەوت بووە. داهاتی نانەوتیش گەیشتووەتە 7 ترلیۆن دینار، کە دەکاتە 10%ـی کۆی داهاتی گشتی. بەمەش کورتهێنانی راستەقینەی دارایی نزیکەی 12 ترلیۆن و 150 ملیار دینار بووە.
ڕوانگەکە ئاشکرایکردووە، لە 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هەرێمی کوردستان بڕی 559 ملیار و 300 ملیۆن دیناری ناردووەتە خەزێنەی فیدراڵی. لە بەرامبەردا، بەغداد بڕی 6 تریلیۆن و 769 ملیار دیناری وەک مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.