پاڵاوگە نایاساییەکان و ئۆتۆمبێل هەوای دهۆکیان پیسکردووە؛ ڕێژەی سەوزایش کەمە
بەهۆى زۆریى دووکەڵى پاڵاوگەنایاساییەکان و زیادبوونى ژمارەى ئۆتۆمبێل، هەوای شارى دهۆک پیسبووە و لەدوورى چەند کیلۆمەترێکەوە شارەکە بەتەواوى دیار نامێنێت. ڕێژەی سەوازیی لە دهۆک 13%یە و پێویستی بە 25% ڕێژەی سەوزایی هەیە. هەروەها 34 پاڵاوگەی نایاسایی لە دهۆک هەیە.
ڕێژەی سەوازیی لە دهۆک کەمە
سدیق جەلالەدین، یەکێکە لە ژینگە پارێزانى سنوورى پارێزگاى دهۆک نیگەرانى خۆى بۆ پیسبوونى ژینگەى شارەکە دەردەبڕێت و دەڵێت: سەرەڕاى زۆرى ژمارەى ئۆتۆمبێل و کارگەکان ڕێژەى سەوزایى وەک پێویست لە دهۆک نییە.
ڕێژەی سەوازیی لە دهۆک 13%یە
هەروەها شێروان حەسەن، بەرپرسى ڕاگەیاندنى شارەوانیى دهۆک گوتى، ڕێژەى سەوزایی لە دهۆک لە نێوان %12 بۆ %13دایە ئەوەش پێویستیى شارەکە لە سەوزایى پڕناکاتەوە.
پێویستی بەڕێژەی سەوازیی 25% هەیە
بەگوێرەى ستانداردە جیهانییەکان ڕێژەى سەوزایى لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى دیکە جیاوازە و دەگۆڕدرێت، بەڵام بۆ شارێکى وەک دهۆک کە ژمارەیەکى زۆر ئۆتۆمبێل و کارگەى نایاسایى تێدایە، پێویستى بە %25 بۆ 28%ى ڕێژەى سەوزاییە.
34 پاڵاوگەی نایاسایی لە دهۆک
سەرەڕاى بڕیارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەنجوومەنى وەزیران بۆ داخستنى پاڵاوگە نایاساییەکان، بەڵام کارکردنى پاڵاوگە نایاساییەکان کە ژمارەیان نزیکەى 34 پاڵاوگەیە، بەردەوامە و ئەوەش ژینگەى شارى دهۆکى پیسکردووە.
14/10/2025