
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، جەختی لەسەر قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان دوو وڵات کردەوە و ڕایگەیاند، مۆسکۆ هەمیشە کاری بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا کردووە، نەک بۆ دەستکەوتی سیاسیی تایبەت.

پوتن لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و سووریا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە 10 ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای دۆخە سەختەکان، هەمیشە پەیوەندییەکی دۆستانە بووە.
وتیشی، "ئێمە هیچ کاتێک پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا بۆ دەستکەوتێکی تایبەتی سیاسی نەبووە، بەڵکو لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا هەمیشە کارمان بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا کردووە."

سەرۆکی ڕووسیا بۆ نیشاندانی قووڵیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دوو ئاماری سەرنجڕاکێشی خستەڕوو:
نزیکەی 100 هەزار کەس لە ڕووسیا و سووریا پەیوەندیی دۆستانە و ژن و ژنخوازییان لە نێواندا هەیە.
نزیکەی 400 هەزار کەس لە سووریا بە زمانی ڕووسی دەخوێنن، کە دەبنە پردی پەیوەندی لە داهاتوودا.

پوتن هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی سووریای بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناوبرد و بە هۆکارێک بۆ ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی دانا.
لە کۆتاییدا، پوتن خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و بە شەرعی وت: "ئێمە هەموو کارێک دەکەین بۆ درێژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوانمان و زۆر خۆشحاڵین بە بینینتان و بەخێرهاتن بۆ ڕووسیا."

