کرێملن: چارەنووسی بنکە سەربازییەکانمان لەگەڵ شەرع تاوتوێ دەکەین
هاوکات لەگەڵ سەردانەی ئەحمەد شەرع بۆ مۆسکۆ، کۆشکی کرێملن پشتڕاستی کردەوە کە چارەنووسی بنکە و پێگە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا، یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان پوتن و سەرۆکی نوێی سووریا.
بنکەی دەریایی تەرتوس؛ دەروازەی ڕووسیا بۆ دەریای ناوەڕاست
ئەم بنکەیە بە گرنگترین پێگەی سەربازیی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.
• مێژوو: لە ساڵی 1971ـەوە وەک بنکەیەکی سۆڤیەت لە شاری لازقیە دامەزراوە.
• گرنگیی ستراتیژی: شوێنێکی گرنگە بۆ چاککردنەوە و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بگەڕێنەوە بۆ دەریای ڕەش.
• ڕۆڵی لە شەڕی ناوخۆدا: لە ساڵی 2015ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانکرا بۆ پاراستنی ڕژێمی ئەسەد.
• ڕێککەوتنی نوێ: لە ساڵی 2017ـدا، ڕژێمی ئەسەد بنکەکەی بۆ ماوەی 49 ساڵی دیکە بەبێ بەرامبەر دایەوە بە ڕووسیا.
بنکەی ئاسمانیی حەمیمیم؛ ناوەندی هێرشە ئاسمانییەکان
ئەم بنکەیە لە ساڵی 2015 لە نزیک لازقیە دروستکرا و بووە ناوەندی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە سووریا.
• بەکارهێنان: بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی کوشندە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بەکارهێنراوە.
• پارێزگاری: بە سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی و بازنەیەکی ئەمنی بە تیرەی 250 کیلۆمەتر پارێزگاری لێدەکرێت.
• ناوەندی لۆجستی: وەک ناوەندێکی لۆجستی بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی، بەتایبەت بۆ گرووپی ڤاگنەر لە ئەفریقا، بەکارهێنراوە.
فڕۆکەخانەی قامیشلۆ؛ پێگەی ڕووسیا لە ڕۆژئاوای کوردستان
ڕووسیا لە ساڵی 2015ـەوە لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆش بنکەیەکی سەربازیی دامەزراندووە، کە بەپێی دوایین زانیارییەکان زیاتر لە 100 سەربازی ڕووسیای تێدا جێگیر کراوە.
پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ڕووسیا خاوەنی 114 پێگەی سەربازی بوو لە سووریا، بەڵام دواتر هێزەکانی لە سێ بنکەی سەرەکیدا کۆکردەوە.
16/10/2025