هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین پاڵاوگەکانن

بەنزینخانەیەكی شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - كەناڵ8
بەنزینخانەیەكی شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - كەناڵ8

چەند رۆژێکە نرخى بەنزین لە شارى سلێمانى بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی، پاڵاوگە ناوخۆییەکانە کە بە گران بەنزین دەدەنە وێستگەکانى سووتەمەنى لە سلێمانى.

25دیناری دیکە خراوەتە سەر بە نرخی کۆ

بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژى بەنزینخانەکانى سلێمانى، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، ئێستا بە نرخى کۆ، پاڵاوگەکان 25 دینارى دیکەیان خستووەتەسەر نرخى ئەو بەنزینەى دەیدەنە وێستگەکانى سووتەمەنى، بەڵام هێشتا لە بەنزینخانەکان گران نەکراوە، دەشڵێت، زیادبوونەکە هەر لەچوارچێوەی ئەو 50 دینارەیە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر چووەسەر هەر سێ جۆرەکەى بەنزین.

رۆژانە 6 ملیۆن لیتر پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، رۆژانە 6 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەرێت، پارێزگای سلێمانیش رۆژانە پێویستیی بە نزیکەی 2 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.

لە رۆژى پێنجشەممە، 17ـى ئەم مانگەوە، لە سلێمانی، بەنزینى جۆرى نۆڕماڵ نرخەکەى لە 900 دینارەوە بووە 950 دینار و بەنزینى جۆرى موحەسەن لە 1100 دینارەوە بووەتە 1150 دینار و بەنزینى جۆرى سوپەریش بەهەمانشێوە 50 دینار گران بووە.