جەمیل بایک: ئاکپارتی و مەهەپە یەک هەنگاویان نەناوە
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاند، کلیلی سەرخستنی پرۆسەکە ئازادیی ئۆجەلانە و دەشڵێت، دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە یەک هەنگاویان نەناوە.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی فورات گوتی، بڕیارەکەی پەکەکە بۆ کشانەوە لە خاکی باکووری کوردستان و تورکیا، پیشاندانی ڕژدبوونی پەکەکەیە بۆ هێنانەئارای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی.
پێویستە دەوڵەت دەستبەجێ چەند یاسایەک دەربکات
بایک ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دەوڵەت دەستبەجێ و بەپەلە، ئەو یاسایانە دەربکات، کە زەمینەی تێکەڵبوونەوەی پەکەکە بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی مسۆگەر دەکەن.
ئۆجەلان هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و چارەسەردابووە
بایک گوتی، ئۆجەلان هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و چارەسەردابووە، بۆ نموونە ساڵی 1988 داوای گفتوگۆی لە دەوڵەت کرد و لە ساڵی 1993 و لە سەردەمی ئۆزاڵیشدا، بۆ هێنانەئارای ئاشتی و چارەسەر، ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند.
بایک باس لە دواین قسەکانی سڕی سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی کۆچکردووی شاندی ئیمراڵی کرد، کە لە کۆتایی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا گوتی، پێویستە هەنگاوی یاسایی بنرێت.
بایک دەڵێت، بەگوێرەی قسەکانی ئۆندەر، دەوڵەت بەڵێنی داوە، دەرگا بەڕووی کایەی سیاسییدا بکاتەوە و هەنگاوی یاسایی بنێت.
پەکەکە لە بیر ناکرێت
بایک ئاماژە بەوە دەکات، سەڕەڕای ئەوەی پەکەکە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام گەلی کورد پەکەکە لەبیر ناکەن و پێگەکەی لە مێژووی کوردستاندا دەمێنێتەوە.
بایک سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکەش گوتی، ئەگەر رێگە بە سیاسەتی دیموکراسییانە بدرێت، خەباتی چەکداریی مانای نامێنێت، ئۆجەلانیش هەمیشە هەوڵی بۆ ئەوە داوە.
دەبێت دەوڵەت هەنگاو بنێت
بایک ئاماژەی بە پێویستیی هەنگاونانی دەوڵەت کرد و گوتی، گەلی کورد و پەکەکەش دەیانەوێت دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت. "ئێمە هەمیشە بە بەرپرسیارییەتی و هەستیارییەوە مامەڵەمان کردووە، بەڵام ئیتر پێویستە دەوڵەتیش هەنگاو بنێت. بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی پەکەکە مانایان هەبێت، پێویستە دەوڵەتیش هەنگاو بنێت."
کلیلی بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەکە ئازادیی ئۆجەلانە
بایک هۆشداری بە دەسەڵات دا و گوتی، ئەگەر هەنگاوی یاسایی دەرنەکرێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان، سەرکردایەتی و ئەندامانی پەکەکە بە ئازادی و دیموکراسییانە سیاسەت و ڕێکخستن بکەن، هەنگاوەکانی دیکە هیچ مانایەکیان نابێت و تەنیا بەو رێگەیە دەتوانرێت، مانا بە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بدرێت.
"ئێمە هەنگاوی خۆمان ناوە"
هاوسەرۆکی کەجەکە جەختیلەوەشکردەوە، بەبێ رێکخستنی یاسایی و سیاسیی سەبارەت بە کادر و ئەندامانی پەکەکە، هەر وتە و ڕەفتارێکی لایەنی بەرامبەر، وەک نووسینە لەسەر ئاو. "ئێمە هەنگاوی خۆمان ناوە و هەمووان دەزانن تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەوڵەتدایە."
ئاکپارتی و مەهەپە یەک هەنگاویان نەناوە
گوتیشی، تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە، جگە لە چەند گفتوگۆیەک لەگەڵ ئۆجەلان، تاکە یەک هەنگاویان نەناوە. لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیش، نە لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆبووەتەوە و نە هەنگاوی یاسایی و سیاسییشی ناوە، ئەوە گومانی لای خەڵک دروستکردووە.
بایک لەبارەی ئازادکردنی ئۆجەلانیش گوتی، "ئێمە داوامان لە دەوڵەت کرد سەبارەت بە پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان و ئازادکردنی و دەرکردنی یاسا، هەنگاو بنێت، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە. هەموو کەسێکیش دەزانێت ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیە بەڕێوەناچێت. هەربۆیە پێویستە دەوڵەت دەستبەجێ، یاسا سەبارە بە تێکەڵبوونەوەی دیموکراسییانە دەربکات."
گوتیشی، کلیلی سەرکەوتن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە ئەوەیە؛ ئۆجەلان ئازادانە بژی و کار بکات.
28/10/2025