
توێژینەوەیەکی نوێی سەنتەری iNNOV8 دەریدەخات، کە هەرچەندە بەڵێنە ئابوورییەکان بوونەتە تەوەری سەرەکیی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بێمتمانەیی دەیان ساڵەی دەنگدەران وادەکات ئەو بەڵێنانە لە سندووقەکانی دەنگداندا یەکلاکەرەوە نەبن.
بەپێی توێژینەوەکە، "سیاسەتە ئابوورییەکان لە پێشەنگی ڕێڕەوی گەشەی عێراق دان"، بەڵام لە هەمان کاتدا "گرنگیی پێشنیارەکانی سیاسەتی ئابووریی لایەنەکان، ناوەندی بڕیاردانی دەنگدەران نییە بەهۆی بێمتمانەیی دەیان ساڵەوە."
سەنتەری iNNOV8 ئاشکرای دەکات کە زۆربەی لیستە سەرەکییەکان لەسەر پێنج بابەتی ئابووریی هاوبەش کێبڕکێ دەکەن:
1. کەمکردنەوەی ناهاوسەنگیی دارایی.
2. هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە دەرەوەی نەوت.
3. درووستکردنی هەلی کار.
4. باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
5. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی حوکمڕانی.
توێژینەوەکە ڕەخنە لە لایەنەکان دەگرێت و دەڵێت: "لە بنەڕەتدا نەخشەڕێگای سیاسەتی پراکتیکییان نییە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەشدارینەکردنی دەنگدەران و بێمتمانەیی زیاتر."
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ململانێ ئابووری و داراییەکانی خەڵک ڕاستەوخۆ کاردانەوەیان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان دەبێت. "دەنگدەران مافی دەنگدانیان وەک پشکنینێک بۆ پارتە دەسەڵاتدارەکان بەکاردەهێنن، کە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنیان بەردەوام شکستیان هێناوە لە گەیاندنی یارمەتیی بەرجەستە."
سەرەڕای ئەم ڕەشبینییە، سەنتەری iNNOV8 هێشتا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران بە "دەرفەتێکی گرنگ بۆ ئەکتەرە سیاسییەکانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی دەنگدەران" ناودەبات، بەو مەرجەی پێشنیاری سیاسەتی باوەڕپێکراو و کرداری پێشکەش بکەن.
لێرە کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەکە



