لاڤرۆڤ: ئەوروپا خۆی بۆ جەنگێکی گەورە لە دژی ڕووسیا ئامادە دەکات

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند، ئەوروپا خۆی بۆ جەنگێکی گەورە دژی مۆسکۆ ئامادە دەکات و هەموو هەوڵێکی ئاشتی تێکدەدات، هاوکات داوا لە ئەمریکا دەکات خۆی لە تەشەنەسەندنی ململانێی ئۆکرانیا بپارێزێت.

"ئەوروپا خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات"

لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "تاس"ی ڕووسی وتی: "ئەوروپا هەموو هەوڵەکانی ئاشتی تێکدەدات و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مۆسکۆ ڕەتدەکاتەوە." ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان سزای نوێ دەسەپێنن کە کاریگەریی زیاتری لەسەر ئابووریی خۆیان دەبێت و "بەئاشکرا خۆیان بۆ جەنگێکی گەورە لە دژی ڕووسیا ئامادە دەکەن."

ستایشی هەڵوێستی ترەمپ

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا باسی لەوە کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوام داوای گفتوگۆی کردووە و هەوڵیداوە لە هەڵوێستی ڕووسیا سەبارەت بە ئۆکرانیا تێبگات. وتیشی، ترەمپ دانی بەوەدا ناوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشی ڕووسیا، فراوانبوونی ناتۆ بووە لە نزیک سنوورەکانیان، "ئەمە هەر ئەو خاڵەیە کە ڤلادیمیر پوتن لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا هۆشداریی لەبارەوە داوە."

داواکاری لە واشنتۆن

لاڤرۆڤ سەبارەت بە ئەمریکا وتی، "هیوادارین واشنتۆن پابەندی ئەو هەڵوێستە بێت و خۆی لە هەر هەنگاوێک بپارێزێت کە ببێتەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ململانێکان لە ئۆکرانیا." لە کۆتاییشدا دووپاتیکردەوە کە "ئەوروپا بڕیاریداوە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە لەناوببات."