پەیامێکی نهێنی لە تارانەوە بۆ ڕیاز؛ پزیشکیان چی لە بن سەلمان دەوێت پێش سەردانەکەی بۆ واشنتن؟
ڕۆژێک پێش یەکەم سەردانی فەرمی بۆ واشنتن لە ماوەی حەوت ساڵدا، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، پەیامێکی دەستنووسی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێدەگات، ئەمەش گومان و پرسیاری زۆری لەبارەی ناوەڕۆک و کاتی پەیامەکەوە دروست کردووە.
کاتی پەیامەکە؛ هەستیارترین خاڵ
ناردنی پەیامەکە لەم کاتەدا ئاماژەیەکی سیاسیی گرنگی هەیە، چونکە ئەمڕۆ شازادەی جێنشینی سعودیە گەشتێکی سێ ڕۆژە بۆ واشنتن دەستپێدەکات، کە تێیدا:
• لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
• چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنی ئابووری و بەرگری واژۆ بکەن.
• ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکان.
پەیامەکە چۆن گەیشت؟
بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، پەیامە دەستنووسەکەی پزیشکیان دوێنێ دووشەممە، لە ڕێگەی سەرۆکی دامەزراوەی حەج و زیارەتی ئێرانەوە، گەیەندراوەتە وەزیری ناوخۆی سعودیە. لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە پەیامەکە، پرسە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکەش تاوتوێ کراون.
ناوەڕۆکی نامەکە چییە؟
هەرچەندە تا ئێستا نە تاران و نە ڕیاز ناوەڕۆکی فەرمیی نامەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەنگۆکان باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە نامەکە هەوڵێک بێت بۆ گەیاندنی پەیام لە نێوان تاران و واشنتندا، لە ڕێگەی سعودییەوە، بەتایبەت کە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە چەقبەستووییدان.
چەقبەستوویی ئەتۆمی؛ هۆکاری پشت پەیامەکە؟
ناردنی ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە:
• دوای پێنج خولی دانوستان، هێشتا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان نییە.
• نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوا بەرامبەر تاران لە زیادبووندایە.
• واشنتن دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی بەستووەتەوە بە سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم، کە تاران بە "هێڵی سوور"ی دەزانێت.
18/11/2025