وەزارەتی نەوت لە ئەنقەرەیە؛ ڕێککەوتنی نوێ بۆ بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەکرێت
شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق لە تورکیایە و گفتوگۆ لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داڕشتنەوەی میکانیزمێکی نوێ بۆ بۆریی گواستنەوەی نەوت دەکەن.
ئامانجی سەردانەکە: ڕێککەوتنی نوێ
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە گفتوگۆکردنە بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک لەپێناو "ڕێککەوتنێکی نوێ" و تایبەت بە بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
سەرۆکایەتیی شاندەکان
کۆبوونەوەکان لەنێوان شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی (باسم محەممەد)، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتیی (ئەحمەد بەرات چۆنکار)، بریکاری وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان بەڕێوەچووە.
فراوانکردنی هاوبەشییەکان
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، تەنیا باسی بۆریی نەوت نەکراوە، بەڵکو گفتوگۆکان تایبەت بوون بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات بۆ هاوبەشیکردن لە "سەرجەم پڕۆژەکانی وزە" بە هەموو جۆرەکانییەوە.
کەشی دانوستانەکان
وەزارەتی نەوت ئاشکرای کردووە، کەشی دانوستانەکان "ئەرێنی" بوون و لێکگەیشتنی باش هەبووە؛ هەنگاوی گرنگ نراوە بۆ نووسینەوە و هەموارکردنەوەی ڕێککەوتننامە نوێیەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دوولایەنە و ستراتیژیی پێکەوەیی.
19/11/2025