
سەنتەری توێژینەوەی ئینۆڤ8، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا باس لەوە دەکات بۆشایی ئەمنی لە پاراستنی کێڵگەکان هەیە و هۆشدارى دەدات لەوەى هێرشەکان و بە ئامانجگرتنى وزە، هەرێمى کوردستان لەسەر نەخشەى جیهانى دووردەخاتەوە، ئاشکراى دەکات بەغداد ڕێگەینەداوە سیستمى بەرگرى بۆ دانەغاز دابنرێت.
ئینۆڤ8 لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی نیمچە سەربەخۆیە و شەرعییەتی دەستووری و جوگرافی هەیە، بەڵام ئەو شەرعییەتە بەبێ پاراستنی ئەمنی و سەقامگیریی ئاسایش ڕۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نامێنێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگەى کۆرمۆر کە هێشتا بەتەواوی ئەنجامدەرەکەی دیارینەکراوە و ڕووننەبووەتەوە هێرشی مووشەکی بووە یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سەلمێنەری ئەوەیە کە بۆشایی ئەمنی هەیە لە توانای بەرگریی ستراتیجی مۆدێرن وەک ڕاداری پێشکەوتوو، چاودێری و سیستمی بەرگری.
ئینۆڤ8 لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بەبەرپرسیارێتی ئاسایش و پاراستنی هەرێمی کوردستان، عێراق بەکەمتەرخەم دەزانێت، بەوەی بەگوێرەی دەستوور بەپلەی یەکەم ئەو بەرپرسیارێتییە بۆ حکومەتی فیدراڵ دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا ڕێگریی دەکەن لە هەرێمی کوردستان تاوەکو خۆی پێداویستییەکانی بەرگری دەستبخات. جەختدەکاتەوە دانانی سیستمی بەرگری وادەکات کێڵگەکە بەدووربێت لە دەستێوەردانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
هاوکات ڕاپۆرتەکەی ئینۆڤ8 پشتڕاستی دەکاتەوە کە پێشتر دانەغاز هەوڵیداوە سیستمی بەرگریی بۆ کێڵگەکە دابنێت، بەڵام شکستی هێناوە چونکە حکومەتی فیدراڵ ڕێگەی پێنەداوە، دانەغاز ئێستا داوای گرەنتی ئەمنی دەکات تاوەکو بێ گرفت کاری بەرهەمهێنان بکات.
هەروەها ئینۆڤ8 دەڵێت، دووبارە بوونەوەی ڕووداوەکانی بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە بنەڕەتدا توانای هەرێمی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە سنووردار دەکەن و وەبەرهێنەرە بیانییەکان ڕادەگرن، لە هەمووشی گرنگتر ئەم هێرشانە ڕێگریی دەکەن لە ژێرخانی وزە بۆ ئەوەی بچنە نێو سیستمی وزەی جیهانییەوە.
سەنتەری توێژینەوەی ئینۆڤ8 لە شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستانە، کە پێشەنگە لە توێژینەوە و نوێگەری پێشکەوتوو.




