لەگەڵ ئەوەی چەمچەماڵ پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سلێمانی لە وەبەرهێناندا هەیە، بەڵام حەوت ساڵە پارەی پترۆدۆلاری بۆ خەرج ناکرێت و بەو هۆیەوە پڕۆژە ستراتیژییەکان وەستاون.
لە شارۆچکەی چەمچەماڵ و لە زانکۆی چەرموو، "دیداری دەرفەتەکانی گەشەپێدانی ئابووری" بەڕێوەچوو. تەوەری سەرەکیی دیدارەکە بریتی بوو لە وەبەرهێنان، بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و کشتوکاڵ، بەڵام داواکاریی سەرەکیی بەشداربووان خەرجکردنەوەی پارەی پترۆدۆلار بوو بۆ شارۆچکەکە.
لە ساڵی 2016 سندوقی پترۆدۆلار بۆ چەمچەماڵ دانرا بەو پێیەی غازی سروشتی بۆ هەموو هەرێم دابین دەکات و بڕیار بوو لە هەر تۆنێک غازی بەرهەمهاتوو "شەش دۆلار" بدرێتە قەزاکە.
تاوەکو ساڵی 2018 بڕی حەوت ملیۆن دۆلار خەرجکرا و توانرا کارەبا بۆ 46 گوند، ڕێگای چەمچەماڵ-ناوشوان و هێڵی ئاوی کانیشەیتان جێبەجێ بکرێت، بەڵام ماوەی حەوت ساڵە ئەم پارەیە ڕاگیراوە و بەو هۆیەوە 5 پڕۆژەی ستراتیژی وەستاون.
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی ئاشکرای کرد، سەرەڕای قەیرانەکان، چەمچەماڵ "پلەی یەکەمی" لەسەر ئاستی سلێمانی بەدەستهێناوە لەڕووی ژمارەی مۆڵەتی وەبەرهێنانەوە، کە کۆی بەهاکەی دەگاتە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار.
سەرەڕای ڕاگرتنی پترۆدۆلار، جووڵەی ئابووری بەردەوامە و لەمساڵدا 15 پڕۆژەی دیکەی وەبەرهێنان داوای مۆڵەتیان کردووە بۆ ئەوەی لە سنوورەکە جێبەجێ بکرێن.
پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سلێمانی.
قەبارەی وەبەرهێنان: 1 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار.
پڕۆژەی نوێی ئەمساڵ: 15 داواکاری.
ساڵی دەستپێکردن: 2016.
بڕی دیاریکراو: 6 دۆلار بۆ هەر تۆنێک غاز.
ماوەی ڕاگرتن: 7 ساڵ.
زیانەکان: وەستانی 5 پڕۆژەی ستراتیژی.
