ڕاوێژکارێکى د. بەرهەم بۆ کەناڵ8: لەناو 20 بەربژێر د. بەرهەم هەڵبژێردراوە
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێرى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، د.بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى پێشووى عێراق بۆ پۆستى کۆمیسیارى باڵاى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى پەنابەران لە جیهاندا دیاریدەکات.
لەسەرەتاى ساڵى نوێ و بۆ ماوەى پێنج ساڵ
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمى، گوتێرێس دەزگاى جێبەجێکار لە کۆمەڵەى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاگادارکردووەتەوە کە د.بەرهەم ساڵح لە سەرەتاى ساڵى نوێوە و بۆ ماوەى پێنج ساڵ دەبێتە کۆمیسیارى باڵاى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى پەنابەران لە جیهاندا.
لەناو 20 بەربژێر هەڵبژێردراوە
هاوکات محەممەد هەورامى، ڕاوێژکارى د.بەرهەم ساڵح، بۆ کەناڵ8، هەواڵەکەى پشتڕاستکردەوە و گوتى "20 بەربژێرى بەهێز بۆ ئەو پۆستە هەبوون و لیژنەیەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە خودى گۆتێرێسیشى تێدا بووە، هەڵسەنگاندنى بۆ سى ڤى بەربژێرەکان کردووە و لە نێویاندا د.بەرهەم ساڵح دیاریکراوە".
یەکەم کەسایەتى کورد و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست
د.بەرهەم ساڵح دەبێتە یەکەم کەسایەتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پۆستى کۆمیسیارى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروکارى پەنابەران وەردەگرێت لەماوەى 75 ساڵى ڕابردوودا، کە بەرزترین پۆستە لە دواى سکرتێرى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان.
بەشێکى ژیاننامەى
د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە ساڵى 1960 لە شارى سلێمانى لەدایکبووە، لە دووى تشرینى یەکەمى 2018 تاوەکو 13ـى تشرینى یەکەمى 2022 سەرۆککۆمارى عێراق بووە.
هەروەها لە 28ـى تشرینى یەکەمى 2009، تاوەکو پێنجى نیسانى 2012 سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بووە.
لە 20ـى ئایارى 2006 تاوەکو 20ـى ئابى 2009 جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق بووە.
12/12/2025