یەکێتى ئەوروپا نزیکەى 232 ملیار دۆلار لە سامانى ڕووسیاى بلۆک کردووە

مۆسکۆ دژی هەوڵەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەوەستێتەوە و بۆ ڕێگریکردن لە ناردنی پارە بلۆککراوەکانی بۆ ئۆکرانیا، پەنا بۆ دادگا دەبات و هۆشداری دەدات.

سکاڵا لەسەر دامەزراوەیەکی بەلجیکی

بانکی ناوەندیی ڕووسیا بەفەرمی سکاڵای یاسایی دژی گرووپی دارایی (یۆرۆکلیر)ـی بەلجیکی تۆمار کرد.

مۆسکۆ دامەزراوەکەی بە "بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی پارە و سامانە ڕووسییەکان" تۆمەتبار کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەو دامەزراوەیە بەهۆی بلۆککردنی سەروەت و سامانەکانەوە زیانی گەورەی بە بانكی ناوەندی گەیاندووە.

پلانی ئەوروپا بۆ 232 ملیار دۆلارەکە

کۆمپانیای یۆرۆکلیر کە بنکەکەی لە بەلجیکایە، بڕی نزیکەی 232 ملیار دۆلاری ڕووسیای لایە کە لە ساڵی 2022ـەوە بلۆک کراوە.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا پلانی هەیە دەست بۆ ئەم پارەیە ببات و وەک پشتیوانیی دارایی بۆ ئۆکرانیا خەرجی بکات.

ترسی بەلجیکا لە تۆڵەسەندنەوە

بڕیارە هەفتەی داهاتوو یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی لوتکەدا هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بدات، بەڵام پڕۆسەکە ڕووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەلجیکا ناڕەزایەتی هەیە و ترسی لە "تۆڵەسەندنەوەی مۆسکۆ" هەیە، بەو پێیەی بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە لەو وڵاتەیە.