قوباد تاڵەبانی و کۆسرەت ڕەسوڵ پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەکەن

کەناڵ8 19/12/2025

قوباد تاڵەبانی و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە دوو پەیامدا پیرۆزباییان لە بەرهەم ساڵح کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاریای باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران.

پەیامی قوباد تاڵەبانی بۆ بەرهەم ساڵح

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا بۆ بەرهەم ساڵ ڕایگەیاندووە، "پیرۆزبایی لە دکتۆر بەرهەم ساڵح دەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران".

پەیامی کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ بەرهەم ساڵح

هەروەها لە پەیامی پیرۆزبایی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بۆ بەرهەم ساڵح هاتووە، "بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆمیسیارانی باڵای کاروباری پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دڵەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەکەم و هیوادارم سەرکەوتوو بن لەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە گرنگە".

ئومێد بۆ کاریگەری لەسەر ژیانی پەنابەران

کۆسرەت ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەرگرتنی ئەم پۆستە گرنگە جیهانییە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مایەی خۆشحاڵی هەموومانە و ئومێد دەکەین بتوانیت لەو ڕێگەیەوە خزمەتی مرۆڤایەتی بکەیت و کاریگەری لەسەر دۆخی ژیانی پەنابەران دروست بکەیت".

هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، دوای ئەوەی لە کێبڕکێیەکدا لەگەڵ 12 کەسایەتیی نێودەوڵەتی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بە فەرمی وەک "کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هەڵبژێردرا و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووە لەو پۆستەدا دەستبەکار بکات.

کەناڵ8

19/12/2025