وادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق کۆتایی دێت؛ تورکیا هەڕەشەکانی زیاتر کردووە
پاش چەند ڕۆژێکی دیکە و چوونە ساڵی نوێ، ئەو وادەیە کۆتایی دێت، بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئازار لەنێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سووریا واژۆکرا.
مەترسی بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی
ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵی، کە سەرەڕای بەردەوامیی گفتوگۆکان لەبارەیەوە، هەردوولا یەکتر بە جێبەجێنەکردنی تۆمەتبار دەکەن و ئەوەش ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی هەسەدە
تورکیا کە چەند مانگێکە بەردەوام بە زمانی دیپلۆماسی داوا لە هەسەدە دەکات پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، چەند ڕۆژێکە لەسەر زاری هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یاشار گولەر، وەزیری بەرگرییەوە، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە هەسەدە و ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت. هەفتەی ڕابردوو هاکان فیدان بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت؛ ئارامیمان بەرەو کۆتایی دەچێت و نایانەوێت ناچار بن رێگەی سەربازیی دژی هەسەدە بەکاربهێنن.
"بۆ ئۆپراسیۆن پرس بە کەس ناکەین"
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە دواین لێدوانیدا بە ڕۆژنامەوانانی وڵاتەکەی گوت، کەی پێویست بکات، بەبێ مۆڵەتی کەس ئۆپراسیۆنی سەربازیی دەکەن و گوتی، "تاوەکو ئێستا لە گۆڕەپاندا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئازار نەنراوە. ئێمە لە ساڵی 2016ەوە کاتێک دەستمان بە ئۆپەراسیۆن لە سووریا کرد، ئەمریکا و ڕووسیاش لەوێ بوون. ئێمە ئەرکێک کە پێویست بکات ئەنجامی دەدەین بە بێ ئەوەی پرس بە کەس بکەین، تەواوی دەکەین. لە داهاتووشدا ئەگەر پێویست بکات، بە بێ پرسکردن بە کەس، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەکانیان زیاتر کردووە
سەرەڕای هەڕەشەکانی تورکیا و چاوەڕوانییەکان، هیچ هەنگاوێکی کردەیی سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێکککەوتنی 10ـی ئازار نەنراوە و ئەوەش وایکردووە، بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەکانیان زیاتر بکەن. تاوەکو ئێستا ڕوون نییە تورکیا هێرش دەکاتە سەر هەسەدە یان نا، بەڵام هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەخاتە مەترسییەوە.
گفتوگۆش لەگەڵ ئۆجەلان کێشەکەی چارەسەر نەکرد
چاوەڕوان دەکرا پاش دیداری ئۆجەلان و شاندی لیژنە پەرلەمانییەکە پرسی هەسەدە چارەسەر ببێت، بەڵام نەبوونی پەیامی ئۆجەلان بەجۆرێک لەسەر خواستی تورکیا بێت، هێندەی دیکە پرۆسەکەی پەکخست و وایکرد هەوڵەکانی چارەسەری پرسی هەسەدە و دیمەشق ئاڵۆزتر بن.
21/12/2025