هەردوو حکومەتى هەولێر و بەغداد، دۆسیێى دارایی نێوانیان لە 2025دا بەجۆرێک لە لێکتێگەیشتنەوە بەڕێکرد.
ڕێککەوتنى نەوتى و داهاتى نانەوتى، تاوەکو ڕادەیەک حساباتى مووچەى خستەوە سەر ڕاستە ڕێ، بەڵام ئەوە نەبووە هۆى ئەوەى مووچەخۆران 12 مووچەکە وەربگرن.
لە 2014ـەوە هەولێر و بەغداد، کۆتایى هەموو ساڵێکدا چارەسەرى کێشە داراییەکانیان بۆ ساڵى دواتر بەجێهێشتووە، لەساڵى نوێشدا هەمان تاس و حەمام بووە، بەڵام بۆ 2026 بە دەروونێکى ئارام و پەیوەندییەکى باشترەوە دەچنە ناو دانوستانە داراییەکان.
2025 ڕێککەوتنى هەناردەى نەوت، ناردنى تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی نانەوتی بەخۆوەبینى، بەو هۆیەوە لە نیوەى دووەمى ئەمساڵەوە تاوەکو ڕادەیەک مووچەخۆران 30 ڕۆژ جارێک مووچە وەردەگرن.
چەند مانگێک جگە لە ڕێکارە تەکنیکییەکان کێشەیەکى ئەوتۆ لەبەردەم ناردنى مووچەدا نەبووە، هەرێم لە مانگى ئەیلولەوە نەوتى بۆ هەناردە ڕادەستکردووە و 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى و تەرازووى پێداچوونەوەشى ڕەوانەى بەغداد کردووە، بەڵام هەندێکجار لە بەغدادەوە ڕێکارەکان سست بوون و لە دواى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى خۆیەوە تەمویلى مووچەى کردووە.
ئەگەرچى ڕێککەوتنەکان بە واژۆى بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستان کراون، بەڵام هەر خۆیان لە چەند بۆنەیەکدا جەختیان لەوەکردووەتەوە، چارەسەرى بنەڕەتى و ساڕێژى یەکجارەکى کێشە داراییەکان، پرۆژەیاساى بودجەیە و خەرجکردنى پشکى تەواوەتى هەرێمى کوردستانە.
لە 2014ـەوە بەبڕینى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا پەیوەندییە داراییەکان تێکچوون و سەرەڕاى چەندین ڕێککەوتن نەچوونەتەوە بارى ئاسایى.
بۆ ڕێککەوتنى بودجە لە پاڵ دانوستانە دارایى و تەکنکییەکان، ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنى سیاسى پێویستە، ئەوەش لە ڕێگەى کابینەى نوێى حکومەتى عێراقەوە دەبێت، کە ئێستا لە قۆناغى دانوستاندایە.

