هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئاستێکی نوێ؛ داهاتەکەی 838 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند

وەزارەتی نەوتی عێراق نوێترین داتاکانی تایبەت بە هەناردە و داهاتی نەوت بڵاودەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕووی لە هەڵکشان کردووە و لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە حەوت ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.

زیادبوونی هەناردەی هەرێم لەناو کەمبوونەوەی هەناردەی عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا وردەکارییەکانی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی داتاکان تێکڕای هەناردەی نەوت لە مانگی تشرینی دووەم 98 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل بووە. لەو ڕێژەیە پشکی هەرێمی کوردستان حەوت ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم، کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی عێراق بە بڕی شەش ملیۆن و 106 هەزار بەرمیل کەمی کردووە، بەڵام بە پێچەوانەوە هەناردەی هەرێم لە گەشەکردندا بووە.

داهاتی نەوتی هەرێم و قەبارەی زیادبوونەکە

سەبارەت بە داهاتەکان، وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا بڕی 838 ملیۆن و 21 هەزار و 590 دۆلار بووە. داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بە خێرایی ڕووی لە زیادبوون کردووە و لەو دوو مانگەدا هەناردەی نەوتی هەرێم بە بڕی یەک ملیۆن و 748 هەزار و 869 بەرمیل زیادی کردووە.