
یەمەن، ئەو وڵاتە ستراتیژییەی دەکەوێتە سەر دەروازەی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، ئێستا لەبەردەم قۆناغێکی نوێی دابەشبووندایە. ململانێی نێوان سێ جەمسەری سەرەکی، جوگرافیای ئەم وڵاتەیان بۆ چەند ناوچەیەکی جیاواز دابەش کردووە و دوایین پێشهاتە سەربازییەکانی سەرەتای ساڵی 2026ـیش گۆڕانکاریی نوێیان بەسەر نەخشەکەدا هێناوە.
گرووپی ئەنساڕوڵا (حوسییەکان) دەسەڵاتیان بەسەر ناوچە بەرزەکانی باکووری ڕۆژئاوای یەمەندا هەیە. سەنعای پایتەخت ناوەندی سەرەکیی قورسایی سیاسی و سەربازیی ئەوانە. هەرچەندە تەنیا 33%ـی خاکی وڵاتەکەیان لەژێردەستدایە، بەڵام زیاتر لە 50%ـی دانیشتووانی یەمەن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دەژین. بوونی بەندەری حودەیدە لە ژێر کۆنتڕۆڵیاندا، وایکردووە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر جوڵەی کەشتیوانیی جیهانی لە دەریای سووردا هەبێت.
ئەنجوومەنی ڕاگوزەری باشووری یەمەن کە لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەکرێت، پێشتر 52%ـی ڕووبەری خاکی یەمەنی لەژێر دەسەڵاتدا بوو. لە کانوونی یەکەمی 2025دا، پەرەسەندنی گەورە لە ناوچەکەدا ڕوویدا و هێزەکانی ئەنجوومەنەکە توانییان پارێزگاکانی حەزرەمەوت و مەهرە کۆنتڕۆڵ بکەن. بەم هەنگاوەش دەستیان بەسەر 80%ـی یەدەگی نەوتی یەمەن و بەندەرە ستراتیژییەکانی وەک "نەشتون"دا گرت. شاری عەدەن وەک ناوەندی سیاسی و ئیداریی ئەم ئەنجوومەنە دەبینرێت.
حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی کە لەلایەن سعودییەوە پشتیوانی دەکرێت، ڕووبەری خاکی ژێر دەسەڵاتی بۆ 12% کەمبووەتەوە و ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی مەئریب، تەعز و شەبوەدا جێگیر بووە. ئەم حکومەتە بەهۆی دابەشبوونی ناوچەکانی و پارچەپارچەبوونی کارگێڕییەوە، لە ڕووی چەسپاندنی ئاسایش و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سرووشتییەکانەوە ڕووبەڕووی لاوازییەکی زۆر بووەتەوە.
ڕۆژی هەینی، هێزەکانی حکومەتی یەمەنی بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی سعودیە ئۆپراسیۆنێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگاکانی حەزرەمەوت و مەهرە دەستپێکرد. ئەوە بوو لە ڕۆژی شەممە 3ی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی "قەڵغانی نیشتمان" ڕایانگەیاند کە شاری سەیئونیان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و بەرەو شاری موکەللای ستراتیژی پێشڕەوی دەکەن. ئەم ململانێیە لە کاتێکدایە کە ئەنجوومەنی ڕاگوزەر قۆناغی گواستنەوەی بۆ ماوەی 2 ساڵ ڕاگەیاندووە بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری یەمەن.

