بەغداد لە سێ ساڵدا نیوەی ئەو بودجەی ناردووە کە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە

بەدواداچوونێکی ورد بۆ جوڵە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا (2023، 2024، 2025) دەریدەخات کە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان "پشکی یاسایی" و "پارەی نێردراو"دا هەیە. سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای بودجە، حکومەتی فیدراڵ لە باشترین دۆخدا تەنیا پارەی مووچەی ناردووە و لە ساڵی 2025ـیشدا کەمتر لە 45%ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرجکردووە.

2023؛ ساڵی قەرز و کورتهێنان

لە ساڵی 2023دا، کەلێنێکی گەورە لەنێوان پشکی دیاریکراو و پارەی گەیشتوودا هەبوو. بەپێی یاسای بودجە، پشکی هەرێم زیاتر لە 16 ترلیۆن دینار بوو، بەڵام ئەوەی بەغداد ناردی تەنیا نزیکەی 4.7 ترلیۆن دینار بوو، ئەویش بەشێکی زۆری وەک "قەرز" هەژمار کرا.

پشکی یاسایی: 16,497,871,089,000 دینار.

پارەی نێردراو: 4,698,000,000,000 دینار.

دۆخی مووچە: پارەکەی بەغداد تەنیا بەشی 5 مووچەی کرد، حکومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ 4 مووچەی دیکەی دابەشکرد و پارەی 3 مووچەش لەلایەن بەغدادەوە نەنێردرا و فەوتا.

2024؛ ساڵی ڕێککەوتن و لێبڕین

لە ساڵی 2024دا، پشکی هەرێم لە بودجە بۆ نزیکەی 21 ترلیۆن دینار بەرزبووەوە، بەڵام کۆی ئەو پارەیەی بۆ مووچە تەرخانکرا نزیکەی 10 ترلیۆن دینار بوو. لەم ساڵەدا هەولێر و بەغداد گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی، کە تێیدا هەرێم بۆ ماوەی 5 مانگ نزیکەی 400 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بەغداد.

پشکی یاسایی: 20,910,463,950,000 دینار.

پارەی نێردراو بۆ مووچە: 10,026,445,000,000 دینار.

دۆخی مووچە: بەغداد پارەی 10 مانگی نارد، حکومەتی هەرێم مووچەی مانگێکی لە داهاتی ناوخۆ دابینکرد و مووچەی مانگێکیش لەلایەن بەغدادەوە نەنێردرا.

2025؛ کەمتر لە نیوەی شایستەکان نێردراوە

لە ساڵی 2025دا دۆخەکە بە جۆرێکە کە حکومەتی فیدراڵ کەمتر لە نیوەی پشکی هەرێمی کوردستانی ناردووە. سەرەڕای ئەوەی پشکی هەرێم نزیکەی 21 ترلیۆن دینار بووە و بڕی تەرخانکراو بۆ مووچە زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دیاریکرابوو، بەڵام بەغداد تەنیا 9.6 ترلیۆن دیناری ناردووە.

پشکی یاسایی: 20,900,000,000,000 دینار.

پارەی نێردراو: 9,600,000,000,000 دینار.

ڕێژەی ناردن: تەنیا 45%ی پشکی هەرێم نێردراوە.

دۆخی مووچە: لە کۆی 12 مانگ، بەغداد تەنیا پارەی 10 مووچەی خەرج کردووە.

وردەکاریی ژمارەکان (گرافیک)

ساڵی 2023

پشکی هەرێم: 16,497,871,089,000 دینار.

پارەی نێردراو: 4,698,000,000,000 دینار.

مووچەی دابەشکراو: 9 مووچە (5 بەغداد + 4 هەرێم).

ساڵی 2024

پشکی هەرێم: 20,910,463,950,000 دینار.

پارەی نێردراو (دوای لێبڕین): 10,026,445,000,000 دینار.

تەواوکاریی هەرێم: 683,291,000,000 دینار.

مووچەی دابەشکراو: 11 مووچە (10 بەغداد + 1 هەرێم).

داهاتی نانەوتی ڕادەستکراو (5 مانگ): 399,168,961,500 دینار.

ساڵی 2025

پشکی هەرێم: 20,900,000,000,000 دینار.

پارەی نێردراو: 9,600,000,000,000 دینار.

ڕێژەی جێبەجێکردن: تەنیا 45%ی پشکی هەرێم نێردراوە.

مووچەی دابەشکراو: پارەی 10 مووچە نێردراوە.

لێبڕینەکان (خانەنشینی و باج): 814,486,145,690 دینار.