ئیلهام ئەحمەد: ئامادەین بە مەرج هێزەکانمان لە حەلەب بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات بگوازینەوە

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە مەرجی پاراستنی ئاسایشی دوو گەڕەکە کوردییەی حەلەب، پێشوازی لە گواستنەوەی هێزەکانی ئاسایش لە حەلەبەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەکات.

مەرجی پێشوازیکردن لە پێشنیازی هێزە نێودەوڵەتییەکان

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە مەرج پێشوازی لە پێشنیازی هێزە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ شوێنگۆڕکێی هێزەکانمان لە شێخ مەقسودەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات.

پاراستنی هاوڵاتیان کاری هەرە لە پێشینەیە

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی هاوڵاتییانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییه بۆ ئەوان کاری هەرە لەپێشینەیە.

"هێزێکی پاراستنی کوردیی خۆجێی"

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە تۆڕی ئێکس جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان پێشوازی لە پێشنیازی نێوەندگرە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ جێگۆڕکێی ئەو هێزانەی لە شێخ مەقسوود هەن، بە کشانەوەیان بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات بەشێوازێکی پارێزراو، بوونی "هێزێکی پاراستنی کوردیی خۆجێی" و "ئەنجومەنێکی خۆجێی" بۆ بەڕێوەبردنی هەردوو گەڕەکەکە مسۆگەربکرێت، بە گوێرەی ڕێککەوتنی 1ـی نیسان.