
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، لە شەڕوپێکدادانەکانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، زیاتر لە 100 کەس کوژراون و پێشێلکاریی گەورەش بەرامبەر بە دیل و تەرمی ئەندامانى ئاسایش کراوە و ژمارەیەک هاوڵاتیی سڤیلیش بەشێوەیەکی مەیدانی گولـلەباران کراون.
ڕوانگەکە بڵاویکردووەتەوە، هاوشێوەی ئەو پێشلکارییە خوێناوی و تاوانانەی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا لە کەناراوەکان و سوەیدا کردوویانە، هەمان دیمەن و پێشێلکاری لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیش دووبارە بووەتەوە.
ڕوانگەی سووری دەڵێت، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، 15 تەرمى ئەندامانى هێزەکانی ئاسایش، کە چوار کەسیان ژن بوون، لە گەڕەکی شێخ مەقسوود سوتێنراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەسێکی سڤیل، پاش دەستگیرکردنی بەشێوەیەکی مەیدانى گولـلەباران کراون و لەلایەن هێزەکانی حکومەتی دیمەشقەوە سووکایەتی بە تەرمەکەشی کراوە.
بەگوێرەى ڕوانگەی سووری، یەکێکی دیکە لە پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکان، فڕێدانە خوارەوەی تەرمی ژنە شەڕڤانێکە لە یەکێک لە باڵەخانەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوودەوە.
ڕوانگەکە باسلەوەدەکات، کۆی گشتی کوژراوەکانی شەڕوپێکدادانەکانی چەند ڕۆژی حەلەب، گەیشتووەتە 105 کەس.
ئاماژە بەوەش دەکات، 32 لە کوژراوەکان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بوون، کە شەش ژن و چوار منداڵیان تێدا بووە.
ڕوانگەکە دەشڵێت، نۆ کەسی دیکە لە نێویاندا دوو کارمەندی نەخۆشخانەی عوسمان لە ئەشرەفییە، بە مەیدانى لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە گولـلەبارانکراون.
لەبارەى ئاماری کوژراوەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، ڕوانگەی سووری باس لەوە دەکات، 39 کەسیان لێ کوژراوە.
هەر بەگوێرەى ئەو ئامارانەی ڕوانگەی سووری بڵاویکردووەتەوە، لانیکەم 300 هاوڵاتیی سڤیلی شێخ مەقسوود لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیرکراون، سوکایەتییان پێکراوە.
دەشڵێت، ئەو ڕاگەیاندنانەی پاڵپشتیی دەسەڵاتی سووریا دەکەن، بێدەنگییان لەو پێشێلکارییانە کردووە.