ئامانجی سەرەکیی ئەسیکۆدا کۆنتڕۆڵکردنی پارەدان و بەستنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە بە بانکی ناوەندی

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" مەرجێکی سەرەکی هەیە کە بریتییە لە یەکخستنی پێناسی گومرگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، ئەمەش لە کاتێکدایە جیاوازییەکی زۆر لە ڕێژەی گومرگی نێوان هەردوولادا هەیە.

مەرجی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی، هەرێمی کوردستان مەرجی هەیە بۆ کارکردن بە سیستمی "ئەسیکۆدا" و دەیەوێت سەرەتا پێناسی گومرگی یەکبخرێت. ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە تاوەکو ئەو کاتەی پێناسی گومرگی لە نێوان هەولێر و بەغداد یەکنەخرێت، ناتوانرێت سیستمەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە جیاوازییەکان زۆرن و ڕێگرن لە بەستنەوەی سیستمەکە.

جیاوازیی گەورەی پێناسی گومرگی

لەئێستادا ڕێژەی جیاوازیی پێناسی گومرگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد گەیشتووەتە 80%. بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ ئاشکرای کردووە کە 14 هەزار پێناسی گومرگی جیاواز بۆ کاڵا و خۆراک هەن و هەر کەرتێک گومرگی تایبەتی هەیە. لە عێراق باجی گومرگی بەڕێژەی 5% بۆ 15% زیادی کردووە و بەغداد سوورە لەسەر ئەوەی هەمان ئەو زیادکردنە و پێناسە گومرگییەی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستانیشدا بسەپێنێت، لە کاتێکدا هەولێر خوازیاری گفتوگۆ و گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش نەک سەپاندنی تاکلایەنە.

دۆخی دەروازە فەرمی و نافەرمییەکان

لە هەرێمی کوردستان شەش دەروازەی سنووریی فەرمی (وشکانی و ئاسمانی) هەن کە بریتین لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، لەگەڵ دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل، پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران. هاوکات چەند دەروازەیەکەی دیکەی وەک (سەیرانبەن، کێلێ، شوشمێ، پێشخابوور و سەرزین) هەن کە جموجۆڵی بازرگانییان تێدایە، هەرچەندە گومرگی هەرێم بە نووسراو داوای لە بەغداد کردووە بە فەرمی بیانناسێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر نەداوە.

سیستمی ئەسیکۆدا چییە؟

ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی جیهانییە و ڕاستەوخۆ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم سیستمە کۆنتڕۆڵکردنی پارەدان و بەستنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە بە بانکی ناوەندییەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەروازەکانی هەرێمی کوردستان نەخراونەتە سەر ئەم سیستمە و بە سیستمی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە خۆیان کار دەکەن.