
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و زۆریی خەرجییەکان، حکومەتی عێراق تووشی کورتهێنانی گەورە بووە و داهاتەکان بەشی خەرجییە بەردەوامەکان ناکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی ئیکۆ عێراق، تا مانگی تشرینی یەکەمی 2025، قەبارەی کورتهێنانی دارایی لە عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 24,680,000,000,000 (24 تریلیۆن و 680 ملیار) دینار. ئەم کورتهێنانە مانگانە لە زیادبووندایە و مەترسیی جدیی لەسەر توانای حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییەکان دروست کردووە.
کۆی داهاتی دەوڵەت لەو ماوەیەدا 103,514,000,000,000 (103 تریلیۆن و 514 ملیار) دینار بووە. داتاکان دەریدەخەن کە ئابووریی عێراق هێشتا بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە نەوت دەبەستێت، بەجۆرێک 93,000,000,000,000 دینار تەنیا لە داهاتی نەوتەوە بووە و داهاتی نانەوتیش تەنیا بڕی 10,000,000,000,000 دیناری تێپەڕاندووە.
کۆی خەرجییەکانی دەوڵەت لەم ماوەیەدا زۆر زیاتر بووە لە داهاتەکان و گەیشتووەتە زیاتر لە 128,000,000,000,000 (128 تریلیۆن) دینار. ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە خەرجییە بەردەوامەکان، بەتایبەت مووچە و خزمەتگوزارییەکان، قورساییەکی گەورەیان دروست کردووە و بڕی 96,378,000,000,000 دیناریان بۆ تەرخانکراوە.
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق هۆشداری دەدات کە دەوڵەت توانای پڕکردنەوەی خەرجییەکانی نەماوە. دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان وەک فاکتەری سەرەکیی ئەم تەنگژە داراییە دەبینرێت، کە وایکردووە داهاتە گشتییەکان نەتوانن هاوسەنگی لەگەڵ خەرجییە زەبەلاحەکانی حکومەتدا دروست بکەن.