ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق و کاریگەریی لەسەر پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا دەبێت؟
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغى ڕاگوزەر، گەیشتن بە ڕێککەوتنى ئاگربەست و تێکەڵکردنی هێزەکانی لەنێوان دیمەشق و هەسەدە ڕاگەیاند، ئەمەش وەک دەروازەیەک بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ ڕێگری لە شەڕ
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە درەنگانێکی شەوی ڕابردوودا دەرکەوت و پشتڕاستی کردەوە کە ڕێککەوتنەکەیان واژۆکردووە و ڕایگەیاند: "بۆ ڕێگرییکردن لەو شەڕەی لەلایەن چەند هێزێکەوە بەسەرماندا سەپێنرابوو، ڕێککەوتنەکەمان واژۆکرد".
شکستی دانوستانەکان و دەستپێکی هێرشەکان
واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە دوای ئەوە هات کە دانوستانەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری 2025 گەیشتە بنبەست و دواتر لە 4ـی کانوونی دووەمدا، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و هێزە کوردییەکانی ناچار بە کشانەوە کرد، هاوکات ئەحمەد شەرع مەرسوومێکی دەرکرد کە تەنیا دان بە مافە کولتووری و زمانییەکانی کورددا دەنێت بەبێ مافی سیاسی و سەربازی.
جێبەجێکردنی مەرجەکانی تورکیا
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بەو شێوەیەیە کە تەواوی داواکارییەکانی تورکیا لەخۆدەگرێت، بەتایبەت ئەو خاڵەی جەخت لەوە دەکاتەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبێت بەشێوەی تاک نەک بەکۆمەڵ تێکەڵی سوپای سووریا ببن، ئەمەش دوای ئەوە هات کە عەشیرەتە عەرەبەکان لە دێرەزوور و ڕەققە لە هەسەدە هەڵگەڕانەوە و هێرشیان کردە سەر شەڕڤانان.
کاریگەری لەسەر پرۆسەی "تورکیای بێتیرۆر"
دوای ڕێککەوتنەکە، سەرنجەکان بەرەو پرۆسەی "تورکیای بێتیرۆر" وەرچەرخاون، بەو پێیەی میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا باسیان لەوە کردبوو، هەڵوەشاندنەوەی یەپەگە و تێکەڵبوونیان بە سوپای سووریا مەرجی سەرەکی پرۆسەی ئاشتییە، بۆیە پێشبینی دەکرێت دوای ئەم ڕێککەوتنە ئەنقەرە بیانووی بۆ دواخستنی هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەکە نەبێت.
جموجۆڵە سیاسییەکان و هەڵوێستی پەکەکە
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ تیمی نووسینەوەی ڕاپۆرتی هاوبەشی لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا کۆببنەوە، هاوکات شاندی ئیمراڵی کە لە 17ـی ئەم مانگە لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، داوای دیدارێکیان لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە، تاوەکو ئێستاش پەکەکە و پارتی دەم بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی وردەکاریی ڕێککەوتنەکەوە ڕانەگەیاندووە.
19/01/2026