وەزارەتى پەروەردەى سووریا ڕێنمایی لەبارەى خوێندنی زمانی کوردی بڵاودەکاتەوە
وەزارەتی پەروەردەی سووریا ڕێنماییەکى جێبەجێکاری تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی مەرسومی کۆماری ژمارە 13ـى ساڵی 2026ـى دەکرد بۆ خوێندنی زمانی کوردی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن.
مەرسومەکەی شەرع
ڕۆژى 16ـى کانوونى دووەمى 2026 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر مەرسومێکى لە بارەى پاراستنى مافە کولتووری و زمانەوانییەکانى کورد لە سووریا دەرکرد.
ساڵی داهاتوو ئامادە دەکرێت
ئەمڕۆ 26ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندنی ڕاسپارد بە ئامادەکردنی پرۆگرامەکانی خوێندنی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن لە ماوەیەکدا کە لە شەش مانگ تێپەڕ نەکات، بە مەرجێک پرۆسەی ئامادەکردن، پەسەندکردن و چاپکردنیان پێش دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
خوێندنی کوردی ئارەزوومەندانەیە
لە ڕێنماییەکەدا وەزارەتى پەروەردەى سووریادا هاتووە، "خوێندنى زمانى کوردى ئارەزوومەندانەیە و هەفتەى دوو وانە دەخوێندرێت و ئەنجامى خوێندنەکەى بە گوێرەى ڕێنماییەکە نابێتە هۆى دەرچوون یان کەوتن بەڵام نمرەکەی لە کۆی گشتی نمرەکاندا تۆمار دەکرێت. ئەو قوتابخانانەشی کە ئێستا زمانی کوردی دەخوێنن، لەسەر پلانی ئێستایان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەوکاتەی پرۆگرامە نوێیەکان بە فەرمی دەردەچن".
دابینکردنی کادری پێویست
لە بەشێکى ترى ڕێنماییەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی فێرکردن و بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتی پەروەردەیی ڕاسپێردراون بۆ دابینکردنی کادری پێویست بۆ وانەگوتنەوەی زمانی کوردی لە ناو میلاک یان دەرەوەی میلاک، بەگوێرەى چەند مەرجێکی دیاریکراو.
تایبەتمەندی وانەبێژان
بەگوێرەى ڕێنماییەکەى وەزارەتى پەروەردەى سووریا وانەبێژانی زمانى کوردى دەبێت بڕوانامەی زانکۆ یان بڕوانامەی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی هەبێت و شارەزای زمانی کوردی بێت.
ئەرکی داهاتووی دەرچوان
ئاماژە بەوەش کراوە کە لە کاتى پێویست و بەگوێرەى پێداویستى ڕاستەقینە هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی (پۆلی 12) کە شارەزای زمانی کوردین، دەکرێن بە کادرى وانەگوتنەوەى زمانى کوردى.
داواکار دەبیت تاقیکردنەوە ئەنجام بدات
لە ڕێنماییەکەى وەزارەتى پەروەردەى سووریا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بۆ دڵنیابوون لە شارەزایی زمانی کوردی، مەرجە داواکار تاقیکردنەوەی نووسین و زارەکی ئەنجام بدات کە لەلایەن هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی فێرکردن و سەرپەرشتی پەروەردەییەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی نیشتمانی پەرەپێدانی پرۆگرامەکان و بەگوێرەى پێوەرێکی یەکگرتوو، بەڕێوەدەچێت.
کردنەی خولی پسپۆڕی
لە ڕێنماییەکەدا هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنان و پەرەپێدان ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی ڕاهێنان بۆ ئەو مامۆستایانەی ئەرکی وانەگوتنەوەی ئەو بابەتەیان پێ دەسپێردرێت و لەو بارەیەوە خولی پسپۆڕی و خولی بەردەوام بۆ بەرزکردنەوەی توانای پەروەردەیی و پیشەییان دەکرێتەوە.
زمانی کوردی وەک زمانی نیشتمانی پەسەند کراوە
لە بەشێکى ترى ڕێنماییەکەدا زمانى کورد وەک زمانێکى نیشتمانى لە پلانى خوێندن پەسەندکراوە و ڕێگە دەدرێت لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا بخوێندرێت لەو ناوچانەی کە هاوڵاتیانی کورد ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووان پێکدەهێنن.
هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان
ڕێنماییەکە بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگاکانی ڕاسپاردووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان، پێشنیاری ئەو قوتابخانانە بکەن کە زمانی کوردییان تێدا دەخوێندرێت، ئەمەش بەگوێرەى پێوەرە بابەتییەکان و ڕەچاوکردنی واقیعی دانیشتووان و توانای پەروەردەیی بەردەست دەبێت و دواتر لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند دەکرێت.
26/01/2026