پوتن: پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین

کۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر لە مۆسکۆ، فۆتۆ: AFP
کۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر لە مۆسکۆ، فۆتۆ: AFP

ڤيلاديمير پوتن سەرۆکی ڕووسيا و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووريا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و پوتن پشتيوانی خۆی بۆ يەکپارچەی خاکی سووريا و يەکگرتنەوەی هێزە کوردييەکان لەگەڵ حکومەتی سووريا دەربڕی.

لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سووریا دەکرێت

سەرۆکی ڕووسيا لە کۆبوونەوەکەدا ڕايگەياند، مۆسکۆ لەنزیکەوە چاودێری هەوڵەکانی يەکگرتنەوەی خاکی سووريا دەکات و پشتيوانی پڕۆسەی يەکگرتنەوە دەکات لە ڕووباری فوڕات.

ئامادەیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا

پوتن گوتيشی "پەیوەندییەکانيان لەگەڵ سووریا ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە و بەردەوامن لە کارکردن لەسەر پەرەپێدانیان لە بوارە جیاوازەکاندا" ئاماژەی بەوەشکرد، لە بابەتی ئاوەدانکردنەوەدا کاری زۆريان هەیە و ئامادەن بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا.

ڕۆڵی سووریا و سەقامگیری ناوچەکە

ئەحمەد شەرعيش ڕایگەیاند، "سووریا ڕۆڵی هەیە لە بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکە، سوپاسی پوتنیشی کرد بۆ هاوکاریکردنی لە سەقامگیرکردنی دۆخی سووریا و ناوچەکەدا.

گوتيشی "هیوادارن پاڵپشتی ڕووسیا بۆ یەکڕیزی سووریا بەردەوام بێت."

پێشتر، دمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی کرملین لەبارەی کۆبوونەوەکەوە گوتی "ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بوونی سەربازەکانمان لە سووریا لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا تاوتوێ دەکرێن".

سەرەتای ئەم هەفتەيە ڕووسيا هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی قاميشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان کشاندەوە، بەوەش ئێستا تەنيا لە بنکەی ئاسمانی حەميم و بنکەی دەريای تەرتوس ماونەتەوە ئەوانەش تاکە بنکەی دەرەکی ڕووسيان لە دەرەوەی يەکێتی سۆڤيەت.

مانگی تشرينی يەکەمی ساڵی ڕابردوو پوتن و شەرع يەکەم کۆبوونەوەيان ئەنجامدا ئەوەش دوای گۆڕانکارييەکانی سووريا و ڕوخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.