چارەسەرێکی نوێ هیوای گەنجبوونەوە دەداتە کەسانی بەساڵاچوو
کەناڵ8- سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێ هیوا دەبەخشێتە کەسانی بەساڵاچوو، بەوەی دەری خستووە دەکرێت کۆئەندامی بەرگریی کەسانی بەساڵاچوو هاوشێوەی گەنجەکان نوێ بکرێتەوە، بەوەش جەستەیان بەشێوەیەکی کاریگەر دژ بە نەخۆشییەکان دەجەنگێت.
بۆچی لەگەڵ تەمەندا بەرگریی جەستە لاواز دەبێت؟
لەگەڵ چوونە تەمەندا کاکردنی کۆئەندامی بەرگری بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبێت، بە تایبەت لیمفەخانەکانی جۆری تی کە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتا و شێرپەنجەدا.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم پاشەکشەیەی کۆئەندامی بەرگری لە بەساڵاچوواندا، پووکانەوەی ڕژێنی سایمۆسییە، کە لە پشت کۆڵەی سنگ و لەنێوان هەردوو سیی مرۆڤدا هەڵکەوتووە و کاری پێگەیاندنی ئەو لیمفەخانانەیە کە مۆخی سووری ناو ئێسک دروستیان دەکات.
بۆیە توێژەران چاویان لەوەیە جێگرەوەیەک پەیدا بکەن بۆ پووکانەوەی ڕژێنی سایمۆسی، بۆ ئەوەی جەستە بەردەوام بێت لە دروستکردنی لیمفەخانەی چالاک و بەگژداچوونەوەی نەخۆشییەکان.
توێژینەوەیەکی نوێی ئەنستیتۆی تەکنۆلۆجیی ماساچوسێتس پشت بە تەکنۆلۆجیای mRNA دەبەستێت (کە یەکەمجار بۆ دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆڤید بەکارهێنرا)، بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی خوازراو لە خانەکانی جگەردا کە وایان لێ دەکات هەمان ئەو ئاماژە کیمیاییانە دروستبکەن کە ڕژێنی سایمۆسی لە منداڵ و گەنجاندا دەیکات.
توێژەرەکان بە تەکنۆلۆجیا نوێیەکە جگەر دەکەنە کارگەیەکی دروستکردنی ئەم ماددە کیمیاییانەی خانە لیمفییەکان چالاک دەکەن.
ئەنجامە بەدەستهاتووەکان
کاتێک مشکە بەساڵاچووەکان دەرزییەکەیان لێ درا بۆ چەند هەفتەیەک، تیبینی کرا:
* ژمارە و جۆری خانە لیمفییەکان زیادیان کرد
* جەستەیان کاراتر وەڵامدانەوەی دەبوو بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و دروستکردنی بەرگری
* باشبوونی کارایی ئەو دەرمانانەی دژە شێرپەنجەن و لە ڕێگەی چالاککردنی کۆئەندامی بەرگرییەوە کار دەکەن
توێژینەوەکە دەری دەخات دەکرێت وا لە سیستمی بەرگریی کەسانی بەساڵاچوو بکەین وەک سیستمی بەرگریی کەسانی گەنج کار بکات و ئەمەش دەرگای نوێ دەکاتەوە بەڕووی باشکردنی تەندروستیی کەسانی بەساڵاچوو کە ئێستا ڕیژەیان لە کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە.
چی لەبارەی ئەم توکنۆلۆجیا نوێیەوە هێشتا ڕوون نییە؟
سەرەڕای ئەنجامە باشە بەدەستهاتووەکان، هیشتا ناوەندە زانستییەکان پرسیاریان هەیە لەبارەیەوە، وەکوو:
* ئایا دەکرێت هەمان تەکنۆلۆجیا لەسەر مرۆڤیش جێبەجێ بکرێت، وەکوو چۆن لە مشکدا جێبەجێ کرا؟
* لێکەوتە نەخوازراوەکان لە درێژخایەندا چین؟
* دەکریت پەرەی پێ بدرێت بۆ چالاککردنەوەی خانەکانی دیکەی جگە لە لیمفە خانەکان؟
پلانی ئێستا
پاش دەرەنجامە دڵخۆشکەرەکان لە مشکدا، توێژەرەکان دەیانەوێت توێژینەوەکە فراوانتر بکەن و سەرەتا لە ئاژەڵی جۆراوجحۆردا تاقی بکەنەوە و ئەگەر هەر دەرکەوت کاریگەر و بێزیانە، لەسەر مرۆڤیش تاقی بکەنەوە.
29/01/2026