ئیلهام ئەحمەد: ژمارەیەک هێزی ناوخۆی حکومەت دێنە حەسەکە و قامیشلۆ
هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وردەکاری رێککەوتنەکەی هەسەدە و حکومەتی دیمەشقی ڕووندەکاتەوە و دەڵێت، هێزەکانی هەسەدە لە چوار لیوا ڕێکدەخرێن، سەرجەم هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش لە شوێن و ئەرکی خۆیان دەمێننەوە.
ژمارەیەک هێزی ناوخۆی حکومەت دێنە حەسەکە و قامیشلۆ
ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ژمارەیەک هێزی ناوخۆی سەر بە حکومەت دێنە ناوچەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ ئەوەی تێکەڵبوونی هێزەکان دروستبێت.
هەسەدە پارێزگاری حەسەکە دەستنیشان دەکات
گوتیشی پارێزگاری حەسەکە لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە دەستنیشان دەکرێت.
بڕوانامەی زانکۆ و خوێندنگەکانمان پەسەند دەکرێت
سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا و خوێندنگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، مەڕسومێک دەردەچێت و هەموو بڕوانامەکانی ساڵانی ڕابردوو پەسەند دەکرێت، هەروەها هەوڵدەدەن ئەو سیستمی خوێندنەی ئیستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە وەکو خۆی پەسەندبکرێت.
پرۆژەی پاراستنی کورد لە کۆنگرێس زۆر گرنگە
هەروەها ئیلهام ئەحمەد لەبارەی پرۆژەی پاراستنی کورد لە کۆنگرێسی ئەمریکا قسەی کرد، و گوتی ئەو پرۆژەیە زۆر گرنگە و لەمکاتدا کورد پێویستی بەو پرۆژەیە، و دەبێت هەموان پشتگیریی لە هەوڵەکانی ئەو سیناتۆرانە بکەین، بۆ ئەوەی بڕیاڕێکی فەرمی لەبارەی کوردەوە دەربچێت
دەروازەی سێمالکا بەکراوەیی دەمێنێتەوە
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، دەروازی سێمالکا بەکراوەی دەمێنێتەوە و ئەو کارمەندانەی لەوێ کاردەکەن، دەبنە کارمەندی فەرمی حکومەت، سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە بۆ ڕێگرییە لە خوێنڕێژی و کۆمەڵکوژی و هەموو وڵاتان لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت._
30/01/2026