ڕاوێژکاری ئەردۆغان: مافی هیوا ئۆجەلان دەگرێتەوە؛ گڵۆپی سەوزی کۆشکی کۆماریی تورکیا بۆ ئۆجەلان
کۆشکی کۆماریی تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان هەڵکرد و ئەو سزدراوانەی ئاشکرا کرد ئەو مافە دەیانگرێتەوە.
مافی ئازادبوونی مەرجدار
محەممەد ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، وەڵامی فەتحی یڵدز، جێگری دەوڵەت باخچەلی دایەوە کە داوایکرد مافی هیوا بە ئۆجەلان بدرێت و گوتی، ئەو مافە تەنیا تایبەت نییە بە کەسێکی دیاریکراو یان ئەگەری ئازادبوونی ئۆجەلان، بەڵکو پێدانی مافی ئازادبوونی مەرجدارە بە هەر کەسێک کە سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی هەبێت.
ئۆجەلان مافی هیوا دەیگرێتەوە
ئوچوم، کە هاوکات بریکاری سەرۆکی دامەزراوەی سیاسەتە یاساییەکانە لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئۆجەلانیش لەو کەسانەیە کە مافی هیوا دەیانگرێتەوە.
مافی هیوا کێ دەگرێتەوە
ئوچوم ئەو کەسانەی خستەڕوو کە مافی هیوا دەیانگرێتەوە کە بریتین لە؛
- ئەو کەسانەی بەهۆی هەندێک تاوانی دیاریکراوەوە، بە زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراو سزادراون.
- ئەو کەسانەی لە ڕابردوودا بە تۆمەتی تاوانی تیرۆر، بە سزای لەسێدارەدان سزادراون و دواتر سزاکەیان گۆڕاوە بۆ زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراو.
- ئەو کەسانەی بە تاوانی تیرۆر، سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراویان بەسەردا سەپێندراوە. ئەوەش ئەو سزایانەیە کە بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراون.
مافی هیوا و لیژنە پەرلەمانییەکە
هاوکات مستەفا ئەلیتاش، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی دەڵێت، پرسی پێدانی مافی هیوا، پەیوەندی بە لیژنە پەرلەمانییەکەوە هەیە و بەهیوان ڕاپۆرتی لیژنەکەش بە ڕەزامەندی هەمووان بنووسرێتەوە.
05/02/2026