تورکیا 91 ملیار دۆلاری بۆ قەرەبووکردنەوەی بومەلەرزە خەرجکردووە

 چەند دانيشتوويەکی شاری کەهرەمان مەڕەش لەکاتی بومەلەرزەکەی تورکيا، فۆتۆ: ئاژانسی ئەنادۆڵ
چەند دانيشتوويەکی شاری کەهرەمان مەڕەش لەکاتی بومەلەرزەکەی تورکيا، فۆتۆ: ئاژانسی ئەنادۆڵ

سەرۆکایەتیی ستراتیجی و بوودجە لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوی کردەوە، تا کۆتایی ساڵی 2025، تێکڕا 3 تریلیۆن و 600 ملیۆن لیرە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەرەش و هاتای و کەمکردنەوەی مەترسیی کارەساتەکان خەرجکراوە.

قەبارەی زیانەکان

لە ڕاپۆرتی ئاوەدان کردنەوە و گەشەپێدانی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەرەش و هاتایدا، کە لەلایەن سەرۆکایەتییەکەوە ئامادە کراوە، قەبارەی کارەساتەکە و پڕۆژەکانی ناوچەکە خراوەتەڕوو، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تا کۆتایی ساڵی 2025، تێکڕا 3.6 تریلیۆن لیرە کە دەکاتە نزیکەی 91 ملیار دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان خەرجکراوە.

433 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون

دوای سێ ساڵ لە بوومەلەرزەکان، کارەکان بە چڕی بەردەوامن و بە پێدانی پێشینە بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ زیانلێکەوتووان، کارەکانی تەواوکردنی خانووە هەمیشەییەکانیش نزیک بووەتەوە لە تەواو بوون. تا ئێستا تیروپشکی 433  هەزار و 667 خانووی نیشتەجێبوون و 21 هەزار و 690 شوێن کار لە ناوچە کارەساتبارەکان تەواو کراوە.

بودجە بۆ دروستکردنی خوێندنگەکان

لە بواری پەروەردەدا بڕی 72 ملیار لیرە بۆ دروستکردنی 13 هەزار و 321 هۆڵی خوێندن و 7 ملیار لیرە بۆ نۆژەنکردنەوەی دوو هەزار و 776 هۆڵی خوێندن خەرج کراوە، هەروەها 5 ملیار لیرە بۆ نۆژەنکردنەوە و بەهێزکردنی باڵەخانەی کۆلێجەکان و ژێرخانی کەمپەکانی زانکۆکان خەرج کراوە و، بڕی 2.5 ملیار لیرەش بۆ ساڵی 2026  بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کراوە.